وەزیری کاروباری شەھیدان و ئەنفالکراوان: زیاتر لە ٧٠ ھەزار کەس وەکوو میراتگری شەھید و ئەنفالکراو و زیندانی مووچە لە حکوومەت وەردەگرن
مەحمودی حاجی ساڵح، وەزیری کاروباری شەھیدان و ئەنفالکراوانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، لە لێدوانێکیدا ئەوە ئاشکرا دەکا، کەوا نووسراویان کردووە بۆ گەڕانەوەی ١٥٠ ھەزار و ٥٠ ھەزار دیناری پشتیوانیی مووچەی کەسوکاری شەھیدان و ئەنفالکراوان، گوتی: «یەکێک لەو ئیمتیازانەی، کە بەھۆی قەیرانی داراییەوە وەستاوە، ١٥٠ ھەزار دیناری پشتیوانیی مووچەی میراتگری شەھیدانی سەنگەر و ٥٠ ھەزار دیناری میراتگری ئەنفالکراوان و شەھیدانی ھاووڵاتییە، نووسراومان بۆ ئەنجومەنی ھەرێمی نەوت و گاز کردووە، بۆ ئەوەی دووبارە خەرجی بکەنەوە».
وەزیری کاروباری شەھیدان روونیشی کردەوە: «ئەو بڕە پارەیە وەکوو پشتیوانیی بۆ مووچەی کەسوکاری شەھیدان و ئەنفال خەرج کراوە، پەیوەندیی بە پاشکەوتکردنەوە نییە و پاشەکەوت نەکراوە، بەڵکوو خەرجکردنی راگیراوە، چەند جارێک داوای خەرجکردنەوەیمان کردووە، بەڵام دیارە بەھۆی قەیرانی داراییەوە خەرج نەکراوەتەوە».
ئەوە لەکاتێکدایە، کەوا رۆژی ٨ی ٣ی ٢٠١٩ حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بڕیاری ھەڵوەشاندنەوەی سیستەمی پاشەکەوتی مووچەی دەرکرد.
وەزیری کاروباری شەھیدان دووپاتی کردەوە، ئەو ١٥٠ ھەزار و ٥٠ ھەزار دینارە، تاوەکوو ساڵی ٢٠١٣ خەرج کراوە، وەکوو مووچە نەبووە و ھاوکاری و پشتیوانیی مووچە بووە، گوتیشی: «پاش بڕیاری ھەڵگرتنی پاشەکەوت، چاوەڕوانی وەڵامی ئەوە دەکەین نووسرای فەرمی بکرێت بۆ ئەوەی خەرج بکرێتەوە، ئەگەر خەرجیش بکرێتەوە، ئەوانەی پێشوو قەرەبوو ناکرێنەوە، چونکە پارەیەکی زۆرە، بەڵکوو سەرلەنوێ دەبێت خەرج بکرێتەوە».
ئاماژەی بەوەش دا، پێشووتر ھەموو مانگێک وەزارەتی کاروباری شەھیدان داواکاریی خەرجکردنی ئەو بڕە پارەیان بۆ وەزارەتی دارایی رەوانە کردووە.
بەپێی ئامارێکی وەزارەتی کاروباری شەھیدان، ، زیاتر لە ٧٠ ھەزار کەس وەکوو میراتگری شەھید و ئەنفالکراو و زیندانی مووچە لە حکوومەت وەردەگرن.
وەزیری کاووروباری شەھیدان ئاشکرای دەکات، ئێستا مووچەی مانگێکی شەھیدان و ئەنفال و زیندانییانی سیاسی و کارمەندانی وەزارەتەکەیان نزیکەی ٤٠ ملیار دیناری پێویستە.
باسنیوز
