رێباز حەملان : مانگانە بەھۆی لابردنی پاشەکەوت، ١٥٧ ملیۆن دۆلار دەخرێتەوە بازاڕەکانی کوردستانەوە

 رێباز حەملان : مانگانە بەھۆی لابردنی پاشەکەوت، ١٥٧ ملیۆن دۆلار دەخرێتەوە بازاڕەکانی کوردستانەوە
بەھۆی ھەڵگرتنی سیستەمی پاشەکەوتی مووچەوە، ئابووریی و دۆخی بازاڕەکانی کوردستان دەبوژێتەوە و مامەڵەی کڕین و فرۆشتن زیاد دەکات. بۆ رێگریکردن لە گرانکردنی نرخی خۆراک و کاڵاکانیش چاودێریی بازرگانی چەند رێکارێک دەگرێتە بەر.



بەپێی بەدواداچوونەكان، مانگانە بەھۆی لابردنی پاشەکەوت، ١٥٧ ملیۆن دۆلار دەخرێتەوە بازاڕەکانی کوردستانەوە کە بۆ ساڵێک دەکاتە یەک ملیار و ٨٨٤ ملیۆن دۆلار، بەمەش ئابووریی کوردستان بوژانەوەیەکی باش بەخۆیەوە دەبینێت.



بە پاشەکەوتەوە مانگانە ٧٢٤ ملیار دینار لە لایەن وەزارەتی دارایی بۆ دابینکردنی مووچە خەرج کراوە، بەڵام لەمەودوا ٨٨١ ملیار دینار تەرخان دەکات بۆ مووچە.



پاش ئەوەی لە شوباتی ٢٠١٦، بەھۆی قەیرانی داراییەوە، بڕیاری پاشەکەوتی مووچە درا، رۆژی ٨ی ٣ی ٢٠١٩ ئەنجومەنی وەزیرانی ھەرێمی کوردستان، بڕیاری ھەڵگرتنی سیستەمی پاشەکەوتی مووچەی دەرکرد.



رێباز حەملان، وەزیری دارایی و ئابووریی ھەرێمی کوردستان بە (باس)ی راگەیاند، ھەڵگرتنی سیستەمی پاشکەوت تەنھا کاریگەریی نابێت لەسەر مووچەخۆران، بەڵکوو کاریگەریی لەسەر بازاڕیش دەبێت، گوتی: «بە ھەڵگرتنی پاشکەوت لەمەودوا مانگانە ١٥٧ ملیۆن دۆلار دەخرێتە بازاڕەکانی کوردستان، ئەوەش بۆ ئابووریی کوردستان زۆر گرنگ دەبێت و بازاڕەکان دەبوژێنەوە».



دوای ھەڵگرتنی پاشەکەوت، ئێستا ھاووڵاتییان و مووچەخۆران، بە تایبەت ترسیان لەوەیە نرخەکان لە بازاڕگران بن.



محەمەد عەباس، بەڕێوەبەری چاودێریی بازرگانی ھەولێر بە (باس)ی راگەیاند، ھەموو کات بە تایبەت لە بۆنەکاندا چاودێرییان لەسەر بازاڕەکان چڕتر کردووەتەوە، گوتی: «رێگە نادەین بە بۆنەی ھەڵگرتنی پاشەکەوت، یان بە ھەر بۆنەیەکی تر نرخەکان لە لایەن دوکاندار و مۆڵ و بازاڕەکان گران بکرێت، ھەموو لایەک پابەند کراون نرخەکان ھەڵبواسن و گرانفرۆشی نەکەن».



بەڕێوەبەری چاودێریی بازرگانی ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد، سزای بازرگانانی گرانفرۆش کەمترینی یەک ملیۆن دینارە و زۆرترینی پێنج ملیۆن دینارە، گوتی: «ئەوەی سزا بدرێت شوێنەکەی بۆ ماوەی ھەفتەیەک دادەخرێت، لە کاتی دووبارەکردنەوە سزاکان چەند قات دەبنەوە و دادگاییش دەکرێت».



قائیمقامیەتی ھەولێر لە ڕاگەیاندراوێکدا ڕای گەیاندووە: «بەھۆی ھەڵگرتنی پاشەکەوتی مووچە، ئاگاداری سەرجەم بازرگان و کاسبکارانی سنووری پارێزگای ھەولێر دەکەینەوە، کە بە ھیچ شێوەیەک قبوڵ ناکرێ گۆڕانکاری لە نرخی کاڵا و شتومەکدا بکرێت و ببێتە ھۆی بەرزبوونەوەی نرخ».



ڕوونیش کراوەتەوە، ھەر کەسێک سەرپێچی بکات، بە توندترین شێوە ڕێکاری یاسایی بەرامبەر دەگیرێتە بەر.



شێخ مستەفا شێخ عەبدولڕەحمان، سەرۆکی یەکێتیی ھاوردە و ناردنکارانی کوردستان بە (باس)ی راگەیاند، ھەڵگرتنی پاشەکەوت بازاڕەکان دەبوژێنێتەوە، گوتی: «ھەڵگرتنی پاشەکەوت گرانی دروست ناکات، بەڵکوو وا دەکات گوزەرانی خەڵک باش بێت و توانای کڕین زیاتر بێت، چونکە ئەو دەیان ملیۆن دۆلارەی، کە بۆ مووچە زیاد دەبێت، دواجار دێتەوە بازاڕەکان و جووڵەی بازاڕ زیاد دەکات».



روونیشی کردەوە، لە چەند ساڵی رابردوودا، بەتایبەت تاوەکوو ساڵی ٢٠١٨، دۆخی ئابووری و کەمیی مووچە و کەمبوونی پارەی نەختینە وای کردبوو، مامەڵەی بازاڕکاری لە کوردستان کەم بێتەوە.








باسنیوز
Top