قایمقام: قەرەچووغ بووه‌تە ھێللانەی داعش.. داوای كۆبونەوەی بەپەلەی ئەمنیمان كردووە

قایمقام: قەرەچووغ بووه‌تە ھێللانەی داعش.. داوای كۆبونەوەی بەپەلەی ئەمنیمان كردووە
ماوەیەكە جووڵەی تیرۆریستانی داعش لە سنووری قەزای مەخموور بە شێوەیەكی بەرچاو زیادی كردووە، قایمقامی قەزاكەش نایشارێتەوە، كە داوای كۆبوونەوەی حكوومەتی خوجێی مەخموور كراوە لەگەڵ ھێزە ئەمنی و سەربازییەكان بۆ رێگریكردن لە زیادبوونی داعش.

هەفتەی رابردوو لەو كاتەی كاروانێكی ھێزەكانی حەشدی شەعبی لە مەخموورەوە دەیانویست بگەڕێنەوە قەزای خورماتوو، كەوتنە نێو بۆسەی چەكدارانی داعش و لە ئەنجامدا دەیان چەكداری حەشدی شەعبی بوونە قوربانی و زیانی زۆر بەو ھێزەی حەشد كەوت.

 رزگار محەمەد، قایمقامی قەزای مەخموور، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "ماوەیەكە جووڵەی تیرۆریستانی داعش لە سنووری قەزای مەخموور زیادی كردووە و بڕیارە حكوومەتی خوجێی مەخموور لەگەڵ فەرماندەی فیرقەی سوپای عێراق و دەزگای ئەمنیی شارۆچكەی مەخموور كۆبوونەوەیەكی بەپەلە و تایبەت بە تێكچوونی رەوشی ئەمنیی مەخموور ئەنجام بدەین".

قایمقامی مەخموور ئاماژەی بۆ ئەوە كرد: "لە ھەندێ شوێنی سنووری قەزاكە ھاووڵاتیان مەفرەزەی داعش دەبینن بە ئاشكرا ھاتوچۆ دەكەن و سوودیان لە بۆشایی ئەمنیی نێوان ھێزەكانی پێشمەرگە و ھێزە عێراقیەكان وەرگرتووە، ئێمە دەمانەوێ رێگری بكرێت لەو زیادبوونەی داعش و لە كوێ پێویستە دەبێ ئۆپەڕاسیۆن بەڕێوە ببرێت".

هاوكات سەرچاوەیەكی سەربازی لە میحوەری مەخموور، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان پشتڕاستی كردەوە: "ھەموو ئەو شوێنانەی دەكەونە ژێر دەستەڵاتی حەشد و سوپای عێراق، داعش تێیاندا تەراتێن دەكات و پێدەشتی قەراج و چیای قەرەچووغ و ھەندێ گوندی سنوورەكە بونەتە ھێللانەی چەكدارانی داعش، هەفتەی رابردوو فڕۆكە جەنگییەكانی ھاوپەیمانان لە چیای قەرەچووغ چەندین پێگەی داعش كردووەتە ئامانج، بەڵام بەو گورزانە كۆتایی نایەن، چونكە چوونەتە ژێر زەوی".

لەبارەی خۆحەشاردانی چەكدارانی داعش لە نێو تۆنێلەكان، رزگار محەمەد گوتی: "داعش سێ ساڵ لە مەخموور دەستەڵاتی ھەبووە و لە شوێنێكی وەك چیای قەرەچووغ كە شوێنێكی سەختە، بەڵێ لەنێو تۆنێلەكاندا خۆیان حەشار داوە".

پەیوەست بەو زانیاریانەی باس لە ھاتنی داعشی بیانی بۆ مەخموور دەكەن، بە تایبەتی دوای شكستی داعش لە رۆژھەڵاتی فورات لە سووریا، رزگار محەمەد دەڵێت: "ئێمە ھەر ئەوەندە دەزانین داعش زیادی كردووە لە مەخموور، ئینجا زانیاریی ئەوەمان نییە ئەو داعشانە لە كوێوە ھاتوون، ئایا لە سووریا و باغۆز ھاتوون یان شوێنێكی دیكە".
kdp-
Top