د. مەحموود: ١١ی ئادار دەستكەوتێكی گەورەیە.. دەستپێكردنەوەی شەڕ لەسەر پێشێڵكردنی رێككەوتنامەكە بوو

د. مەحموود: ١١ی ئادار دەستكەوتێكی گەورەیە.. دەستپێكردنەوەی شەڕ لەسەر پێشێڵكردنی رێككەوتنامەكە بوو
ئەمڕۆ ٤٩ ساڵ بەسەر رێككەوتنامەی ١١ی ئاداری ساڵی ١٩٧٠ـدا تێدەپەڕێت، كە بە ھۆی بەھێزی شۆڕشی ئەیلوولەوە حكوومەتی ئەوكاتی عێراق ناچار بوو ددان بە مافەكانی كوردادا بنێت، بەشداربوویەكی ئەو كاتی شۆڕشیش ئاشكرای كرد، دەستپێكردنەوەی شەڕ لە ١٩٧٤ لەسەر پێشێڵكردنی رێككەوتنامەكە بوو لەلایەن رژێمەوە، مەلا مستەفای بارزانیش ئامادە نەبوو دەست لە كوردستانیبوونی كەركووك و ناوچە كوردستانییەكان هەڵبگرێت.

دوای ٩ ساڵ لە دەستپێكردنی شۆڕشی مەزنی ئەیلوول بە رابەرایەتیی بارزانیی نەمر، حكوومەتی عێراق ناچار بوو دانوستان لەگەڵ سەركردایەتیی شۆڕش ئەنجام بدات و سەرئەنجام رێككەوتنامەی ١١ی ئاداری ساڵی ١٩٧٠ـی لێ ھاتە بەرھەم، كە بۆ یەكەمجار بوو رژێمێكی عێراقی بەو شێوەیە و بە فەرمی ددان بە بەشێك لە مافەكانی كورددا بنێت.

دكتۆر مەحموود عوسمان، سیاسەتمەداری كورد و بەشدار لە دانوستانەكانی ئەوكاتی نێوان شۆڕش و بەغدا، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان دەڵێت: "نەك تەنیا بۆ ئەوكات، تەنانەت بۆ ئێستاش رێككەوتنامەی ١١ی ئادار دەستكەوتێكی گەورەیە بۆ گەلی كورد، چونكە بۆ یەكەم جار بوو ددان بە مافی ئۆتۆنۆمی بۆ كوردستاندا بنێن، بەپێی قۆناغەكە ئۆتۆنۆمی و خاڵەكانی نێو رێككەوتنامەی ١١ی ئادار شتێكی باش بوون بۆ گەلی كورد و شۆڕش.

ئەو بەشداربووەی شۆڕش ئاشكرای كرد: "خاڵەكانی نێو رێككەوتنی ١١ی ئادار زۆر بوون، بەڵام ئەوەی سەرەكی بوون، دیاریكردنی   ناوچەی ئۆتۆنۆمی بۆ كورد و پێدانی مافی سیاسی و ئیداری و كشانەوەی سوپای عێراق لە ناوچەكانی ژێر دەستەڵاتی شۆڕش واتە خاكی ھەرێمی كوردستان بوون، كە چەند ھەنگاوێك نران بۆ جێبەجێكردنی رێككەوتنامەكە، لەوانەش ١٢ فەوجی پێشمەرگە دامەزران، بەڵام دواجار رژێم پاشگەز بووەوە لە بەڵێنەكانی و دیسان بە رابەرایەتیی مەلا مستەفای بارزانی ساڵی ١٩٧٤ شۆڕش دەستی پێكردەوە".

بەپێی رێككەوتنی نێوان شۆِڕش و حكوومەتی ئەوكاتی عێراق، بڕیار بوو بۆ یەكلاكردنەوەی پرسی كەركووك و ناوچە كوردستانییەكان راپرسی ئەنجام بدرێت، عوسمان رونی كردەوە: "بڕیار بوو سەرژمێری لە كەركووك و ناوچە كوردستانییەكانی ئێستا بكرێت كە بە ناوچەی مادەی ١٤٠ دەناسرێن، بەڵام ھەمیشە دەستەڵاتدارانی بەغدا رازی نەبوون بەوەی كەركووك بە كوردستان ھەژمار بكرێت و ئێستایش لەگەڵدابیت ئەو كێشانەی كەركووك و ناوچە كوردستانییەكان ھەر ھی ئەوكاتەن و بە ھەڵپەسێردراوی ماوەتەوە".

دكتۆر مەحموود عوسمان گوتیشی: "مەلا مستەفای بارزانی سەركردەی شۆڕشی كورد بوو و كاریگەریی زۆری ھەبوو لەسەر رووداوەكان، وەك ئاماژەم بۆ كرد، خاڵی ناكۆكی نێوان شۆڕش و حكوومەت لەسەر كێشەی كەركووك بوو، ھیچ كوردێك رازی نەبوو ئەوكات كەركووك رادەستی عێراق بكرێتەوە، بەڵام زیاتر مەلا مستەفا لەسەر ئەو پرسە جیددی بوو و ئەو زیاتر كاریگەریی ھەبوو، چونكە سەرۆكی پارتی و رابەری شۆڕش بوو، ھەتا مەلا مستەفا پێی گوتین، لەڕووی مێژوویی و جوگرافییەوە كەركووك خاكی كوردانە و ئەگەر یەك كوردیشی تێدا نەمێنێ ھەر خاكی كوردستانە".
kdp-
Top