ئەو دادوەرەی سەرپەرشتیی لەسێدارەدانی سەدامی کرد خانەنشین کرا
بەپێی مەرسوومێکی کۆماری، دادوەر مونیر حەداد، دادوەر و ئەندامی پێشووی دەستەی تەمیزیی عێراق، خانەنشین کرا.
مەرسومەکە لە رۆژی ٢٨-٢-٢٠١٩ دەرچووە و ئەمڕۆ دووشەممە ١١-٣-٢٠١٩ لە میدیا عێراقییەکان بڵاو کراوەتەوە و تێیدا ئاماژە بەوە کراوە، کە پێویستە دەستەی خانەنشینیی نیشتمانی ئەو بڕیارە جێبەجێ بکات.
مونیر سەبڕی حاتەم حەداد، کە ھاووڵاتییەکی کوردی فەیلییە، لە ساڵی ١٩٦٤ لە بەغدا لەدایک بووە و دوای دەرچوونی لە کۆلێژی یاسا و کارکردنی بۆ ماوەیەک لە بەغدا وەک پارێزەر، بەھۆی بەعسەوە ئەو وڵاتەی بەجێ ھێشتووە و دوای رووخاندنی رژێمی بەعسیش، گەڕاوەتەوە عێراق.
دادوەر مونیر حەداد لە رۆژی ٣٠-١٢-٢٠٠٦ سەرپەرشتیی جێبەجێکردنی فەرمانی لە سێدارەدانی سەدام حوسێنی کرد.
باسنيوز
