ئەو دادوەرەی سەرپەرشتیی لەسێدارەدانی سەدامی کرد خانەنشین کرا

ئەو دادوەرەی سەرپەرشتیی لەسێدارەدانی سەدامی کرد خانەنشین کرا
ئەو دادوەرەی سەرپەرشتیی پرۆسەی جێبەجێکردنی فەرمانی لەسێدارەدانی سەرۆکی رژێمی بەعسی عێراقی کرد، فەرمانی خانەنشینبوونی بۆ دەرکرا.

بەپێی مەرسوومێکی کۆماری، دادوەر مونیر حەداد، دادوەر و ئەندامی پێشووی دەستەی تەمیزیی عێراق، خانەنشین کرا.

مەرسومەکە لە رۆژی ٢٨-٢-٢٠١٩ دەرچووە و ئەمڕۆ دووشەممە ١١-٣-٢٠١٩ لە میدیا عێراقییەکان بڵاو کراوەتەوە و تێیدا ئاماژە بەوە کراوە، کە پێویستە دەستەی خانەنشینیی نیشتمانی ئەو بڕیارە جێبەجێ بکات.

مونیر سەبڕی حاتەم حەداد، کە ھاووڵاتییەکی کوردی فەیلییە، لە ساڵی ١٩٦٤ لە بەغدا لەدایک بووە و دوای دەرچوونی لە کۆلێژی یاسا و کارکردنی بۆ ماوەیەک لە بەغدا وەک پارێزەر، بەھۆی بەعسەوە ئەو وڵاتەی بەجێ ھێشتووە و دوای رووخاندنی رژێمی بەعسیش، گەڕاوەتەوە عێراق.

دادوەر مونیر حەداد لە رۆژی ٣٠-١٢-٢٠٠٦ سەرپەرشتیی جێبەجێکردنی فەرمانی لە سێدارەدانی سەدام حوسێنی کرد.










باسنيوز
Top