ئێران ژمارەیەک زیندانیی ھەرێمی کوردستان ڕادەست دەکاتەوە"

ئێران ژمارەیەک زیندانیی ھەرێمی کوردستان ڕادەست دەکاتەوە
بڕیارە پڕۆسەی ئاڵۆگۆڕی زیندانیان لە نێوان ھەردوو حکوومەتی ھەرێم و ئێران بەڕێوە بچێت و بەرپرسی پەیوەندییەکانی حکوومەتی ھەرێمیش لەگەڵ کۆماری ئیسلامیی ئێران دەڵێت، پێنج زیندانیی خەڵکی ھەرێمی کوردستان لە لایەن ئێرانەوە ڕادەستی ئێمە دەکرێنەوە.

عەبدوڵڵا ئاکرەیی، بەرپرسی پەیوەندییەکانی ھەرێم لەگەڵ کۆماری ئیسلامیی ئێران ڕایگەیاند: "دوای ئەوەی کۆماری ئیسلامیی ئێران داوای ڕادەستکردنی ژمارەیەک سزادراوی خۆیانی لە حکوومەتی ھەرێمی کوردستان کرد و ھەرێم ئامادەییی پێشان دا بۆ ڕادەستکردنەوەیان، تا ئەو حوکمەی ماویانە لە وڵاتی خۆیان تەواوی بکەن، ئێمەیش وەک ھەرێمی کوردستان داوامان کردووە زیندانیانی ئێمەش بگەڕێندرێنەوە و تاران ئامادەییی نیشان داوە بۆ ڕادەستکردنەوەیان."

پێشتر حکوومەتی عێراق و کۆماری ئیسلامیی ئێران لەسەر ئاڵوگۆڕی زیندانییان ڕێک کەوتوون، لەو چوارچێوەیەدا چەند جارێک زیندانیانی ئێرانی لە چاکسازییەکانی ھەرێمی کوردستانەوە ڕادەستی کۆماری ئیسلامیی ئێران کراونەتەوە.

عەبدوڵڵا ئاکرەیی زیاتر گوتی: "بەپێی ئەو زانیارییانەی بەردەستی ئێمە تا پێنج زیندانیی ھاووڵاتیی ھەرێمی کوردستان لە نێو گرتووخانەکانی ئێراندا ھەن و بە لایەنی پەیوەندیداری ئێرانمان ڕاگەیاندووە ئەگەر زیندانیی دیکەش ھەیە ڕادەستمان بکەنەوە، ئەوانیش بەڵێنیان پێ داوین بەدواداچوون دەکەن و ھەر ھاووڵاتییەکی ھەرێمی کوردستان لە زیندانەکانی ئێران حوکم درابێت ڕادەستی ھەرێمی کوردستانی دەکەنەوە."

ئاکرەیی داواشی لە ھاووڵاتییانی ھەرێمی کوردستان کرد ھەرکەسێک زیندانیی لە ئێران ھەبێت و بە تاوانی سیاسی نەبێت، دەتوانێت لە ڕێگەی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە داواکاری پێشکەش بکات و بەدواداچوونی بۆ دەکرێت تا بیگەڕێننەوە کوردستان و ئەو سزایەی بەسەریدا جێبەجێ دەکرێت لە چاکسازییەکانی ھەرێمی کوردستاندا دەربازی بکات."
kdp-
Top