لە سلێمانى دوای شه‌ش ساڵ بكوژی هاووڵاتییه‌ك ده‌ستگیر كرا

لە سلێمانى دوای شه‌ش ساڵ بكوژی هاووڵاتییه‌ك ده‌ستگیر كرا
گوته‌بێژى به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تى پۆلیسی پارێزگاى سلێمانى ده‌ستگیركردنى بكوژی هاووڵاتییه‌كى له‌پاش تێپه‌ڕبوونى شه‌ش ساڵ به‌سه‌ر تاوانه‌كه‌ و داخستنى دۆسیه‌كه‌ى له‌دادگا ڕاگه‌یاند.

نه‌قیب سه‌ركه‌وت ئه‌حمه‌د، گوته‌بێژى به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تى پۆلیسی پارێزگاى سلێمانى، ڕايگه‌یاند "ڕۆژى 3/3/2019 بنكه‌ى پۆلیسی سه‌رچنار پاش كۆكردنه‌وه‌ى زانیارى ورد له‌سه‌ر تۆمه‌تبارێك به‌ناوى (ش.ص.ع) به‌بڕیارى دادوه‌ر و به‌سه‌رپه‌رشتى به‌ڕێوه‌به‌رى پۆلیسی پارێزگاى سلێمانى توانییان تۆمه‌تباره‌كه‌ ده‌ستگیربكه‌ن كه‌ بڕێك ماده‌ى هۆشبه‌رى پێبووه‌ و دواى لێكۆڵینه‌وه‌ له‌گه‌ڵیدا ده‌ركه‌وتووه‌ پێشتریش له‌سه‌ر ماده‌ى هۆشبه‌ر سزادراوه‌ و دانى ناوه‌ به‌كوشتنى هاووڵاتییه‌كیشدا له‌ساڵى 2013 دا".

گوتیشی: "له‌ساڵى 2013 دا هاووڵاتییه‌ك به‌ناوى ( ص.گ.ر) له‌ قه‌زاى پێنجوێن به‌فیشه‌ك كوژرا و په‌ڕاوى لێكۆڵینه‌وه‌ى بۆ كراوه‌ته‌وه‌ و له‌كاتى خۆیدا به‌هۆى نادیارى تۆمه‌تبارى ڕووداوه‌كه‌ و نه‌بوونى گومان له‌سه‌ر كه‌س له‌لایه‌ن كه‌سووكاره‌كه‌یه‌وه‌ دادگا له‌ساڵى 2016 دا بڕیارى داخستنى دۆسیه‌كه‌ى دا".

ئاماژه‌ى به‌وه‌شدا، ده‌ستگیركراوه‌كه‌ دانى به‌وه‌داناوه‌ كه‌ ئه‌و هاووڵاتییه‌ هاوڕێ بووه‌ و به‌ 6 فیشه‌ك كوشتویه‌تى و له‌شاخێك فڕێیداوه‌ته‌ خواره‌وه‌ و دواتر له‌شوێنى ڕووداوه‌كه‌ هه‌ڵاتووه‌.

ڕوونیشیكرده‌وه‌، گوته‌كانى تۆمه‌تباره‌كه‌ له‌لایه‌ن دادوه‌رى لێكۆڵینه‌وه‌وه‌ په‌سه‌ندكراوه‌ و چۆنێتى ئه‌نجامدانى تاوانه‌كه‌ى پێ دووباره‌ كراوه‌ته‌وه‌ به‌ئاماده‌بوونى لێكۆڵه‌رى دادى و له‌ئێستادا به‌پێى ماده‌ى 406 ى یاساى سزادانى عێراقی به‌نده‌ و لێكۆڵینه‌وه‌ له‌گه‌ڵیدا به‌رده‌وامه‌".









باسنيوز
Top