له گه‌رمیان بۆ یه‌كه‌مجار ماڵێك بۆ له‌خۆگرتنى به‌ساڵاچووان ده‌كرێته‌وه
ده‌روون عومه‌ر، به‌ڕێوه‌به‌رى گشتیى چاودێری و گه‌شه‌پێدانى كۆمه‌ڵایه‌تیى گه‌رمیان، ڕايگه‌یاند: "ماڵى حاجى ئاهوو له شاری كه‌لار، پرۆژه‌یه‌كى خێرخوازییه و به‌پێى لێكتێگه‌یشتنێك له‌نێوان خێرخواز هادى عه‌بدولڕه‌حمان و وه‌زیرى كار و كاروبارى كۆمه‌ڵایه‌تیى حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان بنیات نراوه، ته‌واوى كه‌ره‌سته و پێداویستی و كارمه‌نده‌كانى و خه‌رجیى ڕۆژانه‌شی له‌لایه‌ن خودى خێرخوازهكهوه دابین كراوه".
گوتیشی: "ماڵه‌كه له ڕووى نه‌خشه و دیزاینه‌وه زۆر پێشكه‌وتووه و ته‌واوى پێداویستییه‌كانى له وڵاتى توركیاوه بۆ هێنراوه، به‌نیازین له‌داهاتوویه‌كى نزیكدا نهۆمى سێیه‌مى بكه‌ین به ماڵى بێسه‌رپه‌رشتان و ئه‌و منداڵانه‌ى بێسه‌رپه‌رشتن بیانهێنینه ئێره و خزمه‌تیان بكه‌ین".
ئاماژه‌ى به‌وه‌شدا: "به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیى گشتیى چاودێرى و گه‌شه‌پێدانى كۆمه‌ڵایه‌تیى گه‌رمیان، له مانگى تشرینى دووه‌مى ساڵى 2018وه فه‌رمانى كارگێڕیى بۆ ماڵه‌كه ده‌ركردووه و ئێستا 6 ـ 7 سوودمه‌ندى تێدایه و ژماره‌یه‌ك به‌ساڵاچووى دیكه‌ش له پارێزگاى سلێمانین، به‌نیازین بیانهێنینه‌وه و لێره دایان بنێین، هاوكات نزیكه‌ى 10 كارمه‌ندى له بواره‌كانى به‌ڕێوه‌به‌ر و كارگێڕى و ژمێریاری و چاو‌دێر و توێژه‌رى كۆمه‌ڵایه‌تى و یاریده‌ده‌رى پزیشكی هه‌یه".
عومه‌ر جه‌ختى له‌وە كرده‌وه: "كردنه‌وه‌ى ئه‌م ماڵه بۆ سنوورى گه‌رمیان زۆر زۆر پێویست بوو، له ساڵانى ڕابردووش‌دا چه‌ندین جار له پلانى ساڵانه‌ى خۆماندا داوامان كردبوو، به‌ڵام به‌هۆى قه‌یرانى داراییه‌وه نه‌ده‌چووه بوارى جێبه‌جێكردنه‌وه".
ڕوونیشی كرده‌وه: "به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیمان چاودێریى ته‌واوى ماڵه‌كه و سوودمه‌ندبووانى ده‌كات و هه‌فتانه سه‌رجه‌میان ده‌برێن بۆ نه‌خۆشخانه‌ى گشتیى كه‌لار و پشكنینى ته‌ندروستییان بۆ ده‌كرێت".
ئاشكراشی كرد: "تاكه مه‌رج بۆ ئه‌و كه‌سانه‌ى دێنه ئێره ئه‌وه‌یه، له خانه‌واده‌كه‌ی وه‌كوو كوڕ و كچ كه‌س نه‌بێت به‌خێویان بكات".
باسنيوز
