عادل عەبدولمەهدی: هەوڵی جددی بۆ دانەوەی پارەی گەنمی جووتیاران دەدەین
کەمێک لەمەوبەر (شەممە ٩ی ئاداری ٢٠١٩)، ئەحمەدی حاجی ڕەشید، ئەندامی کوردی لێژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق لە پێگەی تایبەتیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (فەیسبووک) بڵاوی کردەوە، ئەمڕۆ کاتێک لە شوێنی پشوودانی پەرلەمانتاران دانیشتووە، عادل عەبدولمەهدی سەردانی هۆڵی بەدیلی پەرلەمانی کردووە و دوای گفتوگۆیەکی کورت، داوای پارەی گەنمی جووتیارانی لێکردووە، ئەویش لە وەڵامدا گوتوویەتی: ”با پارەی ئەمساڵ بدەین، هەوڵی جددی دەدەین کە ئەوەی دیکەش دەست خەین“.
ئەمە لە کاتێکدایە کە دادگای بەرایی و دواتر دادگای تێهەڵچوونەوەی رەسافەی بەغدا، لە کەیسی ژمارەیەک جووتیاری کورددا حکوومەتی عێراقیان بە دانەوەی قەرزی ئەو جووتیارانە پابەند کردووە کە بە گوتەی رێبین شەمامکی، پارێزەری کەیسەکە ئەو بڕیارەی دادگاکان، بۆ جووتیارانی کورد دەبنە پێشینەی دادوەری (سابیقەی قەزایی) و جووتیارانی کوردیش لە حاڵەتی هاوشێوەدا دەتوانن بە ئاسانی حکوومەتی عێراق لەبارەی شایستە داراییەکانیانەوە پابەند بکەن.
باسنيوز
