نەورۆز مەولود: مووچەی پاشەکەوتکراوی فەرمانبەران نافەوتێ و دەدرێتەوە
نەورۆز مەولود، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار ڕايگەیاند، "دوای ئەوەی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، سیستەمی پاشەکەوتکردنی مووچەی فەرمانبەرانی ھەڵوەشاندەوە، چیتر فەرمانبەران پاشکەوتی مووچەیان لەسەر نامێنێت و مووچەکانیان وەکو خۆی بەبێ پاشکەوت وەردەگرن".
گوتیشی: "لەکۆبوونەوەکەی دوێنێی ئەنجومەنی وەزیران نێچیرڤان بارزانی، بەئامادەبوونی سەرجەم وەزیرەکان جەختی لەوە کردەوە، ئەو پارەیەی فەرمانبەران کە حکوومەتی ھەرێم بەھۆی قەیرانی داراییەوە پاشەکەوتی کردووە، سەرجەم پارە پاشەکەوتەکە دەدرێتەوە بە فەرمانبەران و مووچە خۆران".
وەزیری شارەوانی ئاماژەی بەوەشدا، پارەی پاشکەوتی فەرمانبەران نافەوتێ و ئەو پارەیە دەدرێتەوە بەفەرمانبەران بێگومان ھەرێم و بەغدا لە گفتوگۆ دادەبن بۆئەوەی کارلەسەر دانەوەی پارەی پاشەکەوتی فەرمانبەرانی ھەرێم بکەن.
رۆژی هەینی 8/3/2019، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بڕیاری هەڵوەشانەوەی سیستەمی پاشەکەوتی مووچەی ڕاگەیاند و جەختی لەوە کردەوە كە لەم مانگەوە بێ پاشەکەوت، مووچەی فەرمانبەران دابەش دەکرێت.
باسنيوز
