داعش لە باغۆز ئێزدییەکان وەک قەڵغان بەکار دەهێنێت

داعش لە باغۆز ئێزدییەکان وەک قەڵغان بەکار دەهێنێت
گرنگیدەرێک بە کاروباری ڕفێنراوانی ئێزدییان دەڵێت، داعش لە دواین ویستگەی مانەوەی خۆیدایە لە باغۆز و ڕفێنراوانی ئێزدییش وەک قەڵغان بەکار دهێنێت.

ڕۆژی ٣ی ئابی ٢٠١٤، داعش دەستی بەسەر شنگالدا گرت و ئیزدییانی کۆمەڵکوژ کرد و زۆریشیانی ڕفاند، کە تا ئێستا چارەنووسی زیاتر لە ٣ کوردی ئێزدی دیار نییە کە کەتوونەتە ژێر دەستی ئەو ڕێکخراوە تیرۆریستییە.

عەلی خانەسۆری، لە لێدوانێکی ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستاندا گوتی: "بەر لە ئێستا دەمانزانی داعش لە شاری باغۆز کڕین و فرۆشتنی بە کچان و ژنانی ئیزدی دەکرد و بە هەموو شێوەیەک ئازاری دەدان و لەوێ بە سەدان ڕفێنراو ئەشکەنجە دەدران."

خانەسۆری ئاماژەیشی دا: "ئێستا ڕەوشی باغۆز زۆر ئاڵۆز بووە و داعش لە کۆتاییی مانەوەی دەوڵەتەکەی خۆیدایە و ئێزدییانیش وەک قەڵغانی مرۆیی دژی هێزەکان بەکار دەهێنێت و چارەنووسیان دیار نییە."

بە گوتەی خانەسۆری: "دنیا بەرانبەر ئەو کۆمکووژییەی بەرانبەر بە ئێزدییان دەکرێت بێدەنگە. دیاریش نییە تا ئێستا چەند کەس لەو شارۆچکەیەدا کوژراون و هەندێکیشیان لە نێو ئەو کەسانەدا ڕا دەکەن کە لە باغۆز دێنە دەرەوە."
kdp-
Top