"لیژنەیەکی ھاوبەش کار بۆ ئاساییکردنەوەی ڕەوشی کەرکووک دەکات"

بەپێی ڕێککەوتنی پارتی و یەکێتی لیژنەیەکی باڵا بۆ ئاساییکردنەوەی ڕەوشی کەرکووک پێک دێت و سەرچاوەیەکیش دەڵێ، پێشتر لیژنەیەک بە فەرمانی سەرۆک بارزانی بۆ ئاساییکردنەوەی ڕەوشی کەرکووک پێک ھاتووە و ھەمان لیژنە لە ڕۆژانی دابێت فراوانتر دەکرێت و دەست بە ھەنگاوەکان دەکەن.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لە رەوشی کەرکووک ئاشکرای کرد "پێشتر لەسەر فەرمانی سەرۆک بارزانی لیژنەیەک بۆ ئاساییکردنەوەی ڕەوشی کەرکووک و ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان پێک ھاتووە و ھەنگاویشی ناوە بۆ ئاساییکردنەوەی ڕەوشی ئەو ناوچانە، لەو چوارچێوەیەدا دانوستان لەگەڵ حکوومەتی فیدڕاڵ بە ئاراستەی چارەسەرکردنی کێشەکان دەستی پێ کردبوو.

سەرچاوەکە کە نەیویست ناوی ببرێ بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "لە چوارچێوەی ڕێککەوتنی پارتی و یەکێتیدا کە لە ڕۆژی ٤ی ئادار ئیمزا کراوە، بڕیارە پارتی و یەکێتی لیژنەیەکی باڵا بۆ ئاساییکردنەوەی ڕەشی کەرکووک و ناوچە کوردستانییەکان پێک بێنن، بەڵام ھێشتا لیژنەکە پێک نەھاتووە و بڕیارە لە چەند ڕۆژی ئایندەدا لیژنەکە دروست بکرێت."

بە گوتەی سەرچاوەکە: "ئەو لیژنەیەی پێشتر بە فەرمانی سەرۆک بارزانی پێک ھاتبوو فراوانتر دەکرێت و دەکرێتە لیژنەیەکی ھاوبەش، واتە برادەرانی یەکێتیش ئەندامیان دەبێت لە لیژنەی ئاساییکردنەوە و بۆ ئەو مەبەستە لەگەڵ بەغدا دەکەونە دانوستان تا ڕەوشی کەرکووک بەتەواوی ئاسایی دەکرێتەوە."
kdp-
Top