"نوێنەرانی یەکێتیی ئەورووپا پشتیوانیی خۆیان بۆ گەڕانەوەی پێشمەرگەی ڕۆژ دووپات کردەوە"

ئەندامێکی کورد لە دەستەی دانوستانکاری ئۆپۆزسیۆنی سووریا ڕایگەیاند، یەکێتیی ئەورووپا پشتیوانیی خۆی بۆ گەڕانەوەی پێشمەرگەی ڕۆژ بۆ پاراستنی خەڵکی ڕۆژئاوای کوردستان دەربڕی.

ئەمڕۆ، شاندێکی دانوستانکاری ئۆپۆزسیۆنی سووریا بە بەشداریی نوێنەری ئەنجومەنی نیشتمانیی کورد لە سووریا (ئەنەکەسە) لەگەڵ گەورەبەرپرسانی یەکێتیی ئەورووپا کۆ بوونەوە.

نوێنەری ئەنەکەسە، حەواس عەگید، لە لێدوانێکی تایبەتدا بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوت: "ئەمڕۆ لە برۆکسلی پایتەختی بەلجیکا زنجیرەیەک کۆبوونەوەمان کرد، ئەوانیش لەگەڵ بەرپرسانی کاروباری سووریا و کاروباری مەلەفی ڕۆژهەڵاتی ناڤین لە یەکێتیی ئەورووپا، هەروەها لەگەڵ بەرپرسانی کاروباری سووریا لە حکوومەتی بەلجیکا و تیمی یوئێن لە برۆکسل و لیژنەی سیاسی و ئەمنیی نەتەوە یەکگرتووەکان بە ئامادەبوونی نووێنەری ٢٧ وڵات و گەورەبەرپرسانی پاراستنی سڤیل و گەیاندنی هاوکارییەکان لە یەکێتیی ئەورووپا."

حەواس ئاماژەیشی دا: "کۆبوونەوەکان زۆر گرینگ بوون لەبارەی چارەسەری سیاسیی پرسی سووریا و لێژنەی دەستووری و هەموو ناوچەکانی سووریا، بەتایبەت ڕۆژئاوای کوردستان و ڕۆژهەڵاتی فورات و پرسی عەفرین و هاوکاری گەیاندن."

ناوبراو گوتیشی: "نوێنەرانی یەکێتیی ئەورووپا و تەواوی بەرپرسانی ئەورووپایی کە لە دیدارەکەدا بوون، پشتیوانیی خۆیان بۆ ڕۆڵی ئەنەکەسە و گەڕانەوەی پێشمەرگەی ڕۆژ دەربڕی و لەگەڵ ئەوە بوون کە دەبێ ئەوانەی هاوکاریی ڕژێم دەکەن و خودی ڕژێمیش ڕووبەڕووی سزای توندتر ببنەوە.
kdp-
Top