نێچیرڤان بارزانی لەگەڵ وەزیری پیشەسازی و بازرگانیی ئوردن کۆ بووەوە

نێچیرڤان بارزانی لەگەڵ وەزیری پیشەسازی و بازرگانیی ئوردن کۆ بووەوە
سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ وەزیری پیشەسازی و بازرگانیی ئوردن کۆبوونەوە و تێیدا چەند پرسێکیان تاوتوێ کرد.

نیوه‌ڕۆی ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه‌ 7/3/2019، نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆك وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان، پێشوازی له‌ د. تارق ئەلحمووری وەزیری پیشەسازی و بازرگانیی ئوردن، مونتەسەر عەقلە باڵیۆزی ئوردن لە عێراق و هەیسەم ئەبولفوول كونسوڵی شانشینی ئوردن لە هەولێر و شاندێكی یاوه‌ریان كرد و تێیدا پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و ئوردنیان تاوتوێ کرد.

له‌ دیدارەکەدا، ئه‌لحمووری خۆشحاڵیی خۆی به‌ سه‌ردانیکردنی هه‌رێمی كوردستان ده‌ربڕی و جه‌ختی له‌ په‌یوه‌ندییه‌ مێژووییه‌كانی نێوان هه‌ردوو گه‌لی كوردستان و ئوردن كرده‌وه‌ و هیوای خواست زیاتر په‌ره‌یان پێ بدرێت به‌تایبه‌تی له‌ بواره‌كانی بازرگانی و بانكیدا، هه‌روه‌ها پشتگیریی خاوه‌نشكۆ شا عه‌بدوڵڵای دووه‌می شای ئوردن و حكوومه‌تی وڵاته‌كه‌ی بۆ هه‌رێمی كوردستان دووپات كرده‌وه‌.

لای خۆیه‌وه‌ نێچیرڤان بارزانى، سوپاسی ئه‌و سه‌ردانه‌ و هه‌ڵوێسته‌ گرنگ و پڕ بایه‌خه‌كانی خاوه‌نشكۆ شا عه‌بدوڵڵای دووه‌می له‌ كاته‌ سه‌خته‌كاندا بۆ هه‌رێمی كوردستان كرد و ئاماده‌ییی هه‌رێمی كوردستانی بۆ په‌ره‌پێدانى زیاترى په‌یوه‌ندییه‌كانی له‌گه‌ڵ ئوردن له‌ هه‌موو بواره‌كاندا به‌تایبه‌تی له‌ بواری ئابووری و بازرگانیدا نیشان دا، هه‌روه‌ها هیوای خواست بزنسمان و خاوه‌نكارانی ئوردنی له‌ هه‌رێمی كوردستان له‌ بواره‌ جیاكاندا وه‌به‌رهێنان بكه‌ن و ئه‌و‌ ده‌رفه‌ته‌ باشه‌ى بۆ وه‌به‌رهێنان له‌ هه‌رێمی كوردستان هه‌یه، بقۆزنه‌وه‌‌.

تاوتوێكردنی دۆخی دوای شه‌ڕی داعش و ئاواره‌ و په‌نابه‌رانی ده‌ستی تیرۆر له‌ هه‌رێمی كوردستان و ئوردن و بنه‌بڕكردنی تیرۆر به‌ هه‌ماهه‌نگیی نێوان وڵاتانی ناوچه‌كه‌ و كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی، لایه‌نێكی دیكه‌ی دیداره‌كه‌ بوو.










باسنيوز
Top