ئومێد خۆشناو وەڵامی فراکسیۆنی یەکگرتوو دەداتەوە: بەڵگەم لایە
نیوەڕۆی ئەمڕۆ سێشەممە 26-2-2019، ئومێد خۆشناو، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی کوردستان لە پرێس کۆندرانسێکدا رایگەیاند، لێژنەی یاسایی گرنگە بۆ تێپەڕاندنی پرۆژەکان و پەرلەمان بەبێ ئەو لێژنەیە، ”ناتوانێ هیچ هەنگاوێک بنێت“.
ئومێد خۆشناو هەروەها رایگەیاند، کە بەر لە کۆبوونەوەی پەرلەمان، فراکسیۆنەکان سێ کۆبوونەوەیان ئەنجام دا، بەڵام نەگەیشتنە رێککەوتن بۆ دیاریکردنی ئەندامانی لێژنەی یاسایی پەرلەمان، بۆیە ناچاربوون بەپێی بەرکەوتەی هەڵبژاردن، ئەندامانی لێژنەکە دیاری بکەن.
سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی ئاماژەی بەوەش کرد، کە بەپێی بەرکەوتەی هەڵبژاردن، فراکسیۆنەکەیان پێنج ئەندامی لە لێژنەکە بەر دەکەوت، بەڵام دەستبەرداری یەکێکیان بوون و بەمەش لە کۆی 11 ئەندامی لێژنەکە، چوار ئەندامیان لە فراکسیۆنی پارتی و حزبی سۆسیالیستی دیموکراتی کوردستان دەبێت، چونکە ئەو دوو فراکسیۆنە هاوپەیمانێتییان دروست کردووە و ژمارەی کورسییەکانیان لە پەرلەمان بووەتە 46 کورسی.
ئومێد خۆشناو جەختی لەوە کردەوە، کە لە دیاریکردنی ئەندامانی لێژنەی یاسایی، فراکسیۆنی پارتی سازشی لە مافی خۆی کردووە و هیچ فراکسیۆنێکی سزا نەداوە و هەوڵ دەدەن لە لێژنەکانی دیکەی پەرلەمان، قەرەبووی ئەو لایەنانە بکەنەوە، کە پێیان وایە مافیان خوراوە.
خۆشناو ئاشکرای کرد، کە بەهۆی ئەوەی فراکسیۆنەکان نەگەیشتنە رێککەوتن، سەرۆکی فراکسیۆنی یەکگرتووی ئیسلامی داوای کرد بەپێی یاسا و بەرکەوتەی هەڵبژاردن، ئەندامانی لێژنەی یاسایی دیاری بکرێن و بەڵگەی هەیە بۆ ئەو قسەیە، ”نامەی سەرۆکی فراکسیۆنی یەکگرتووم لایە کە داوای دیاریکردنی ئەندامەکان بەپێی بەرکەوتەی هەڵبژاردن و وازهێنان لە رێککەوتن، دەکات“.
لە کۆبوونەوەی نائاسایی پەرلەمانی کوردستان، کە ئەمڕۆ سێشەممە ئەنجام درا، سەرۆکی فراکسیۆنی یەکگرتوو رەخنەی لە شێوازی دیاریکردنی ئەندامانی لێژنەی یاسایی بەپێی بەرکەوتەی هەڵبژاردن گرت.
لە کۆبوونەوەکەدا، کە فراکسیۆنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ئامادەی نەبوو و دوو ئەندامی بەرکەوتەی ئەو فراکسیۆنە بە بەتاڵی بەجێ هێڵدران، ئەندامانی لێژنەی یاسایی هەڵبژێردران، کە بریتی بوون لە:
- ئەرشەد حوسێن محەمەد، فراکسیۆنی پارتی
- بژار خالید عەبدوڵڵا، فراکسیۆنی پارتی
- عەبدولسەلام عەبدوڵڵا حەسەن، فراکسیۆنی پارتی
- خەدیجە عومەر تەھا، فراکسیۆنی پارتی
- جەلال محەمەد ئەمین، فراکسیۆنی گۆڕان
- ڕووپاک ئەحمەد ڕەحمان، فراکسیۆنی کۆمەڵ
- رۆبینۆ ئویملک عەزیز، فراکسیۆنی کلدانی سریانی ئاشووری و ئەرمەن
- سارا دلشاد بەکر، پێکھاتەی تورکمان
- کاوە عەبدولقادر حەسەن، فراکسیۆنی نەوەی نوێ
- فراکسیۆنی یەکێتی، بەتاڵ
- فراکسیۆنی یەکێتی، بەتاڵ
باسنيوز
