یەکێتیی وەبەرھێنەران: ئەمساڵ کەرتی وەبەرھێنان جووڵەیەکی زۆر باشی تێ کەوتووە

یەکێتیی وەبەرھێنەران: ئەمساڵ کەرتی وەبەرھێنان جووڵەیەکی زۆر باشی تێ کەوتووە
بەرپرسی پەیوەندییەکانی یەکێتیی وەبەرھێنەرانی کوردستان گوتی، ئەمساڵ کەرتی وەبەرھێنان جووڵەیەکی زۆر باشی تێ کەوتووە و زۆربەی پڕۆژەکانیش دەستیان پێ کردووەتەوە و حکوومەتیش بڕیاری داوە ٢٠% قەرزی وەبەرھێنەران بداتەوە. ئەگەر حکوومەتی نوێش پێک بێت ئەو جووڵەیە زیاتر دەبێت.

بەرپرسی پەیوەندییەکانی یەکێتیی وەبەرھێنەرانی کوردستان، بەشار عەلی، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "حکوومەت بڕیاری داوە ھەرکەسێک پڕۆژەی ھەبێت و دەستی پێ نەکاتەوە ڕووبەڕووی ڕێکاری یاسایی بکرێتەوە، بۆیە دەست بە جێبەجێکردنی زۆربەی پڕۆژە جۆراوجۆرەکان کراوە و ئەمساڵ جووڵەیەکی زۆر باش کەوتووەتە کەرتی وەبەرھێنانەوە و، ئەگەر حکوومەتی نوێ دروست بکرێت ئەو جووڵەیە زۆر لەوەی ئێستاش زیاتر دەبێت."

بەشار عەلی گوتی: "دوو جۆر پڕۆژە ھەیە؛ جۆرێکیان وەبەرھێنەر پڕۆژە پێشکەش دەکات و جێبەجێی دەکات، جۆرێکیش وەبەرھێنەر گرێبەستی لەگەڵ حکوومەت ھەیە و حکوومەت پارەی بۆ خەرج دەکات. ئێستا لە ھەردوو جۆرەکەدا دەست بە جێبەجێکردنی پڕۆژەکان کراوە و ئاسۆیەکی ڕوون ھەیە کە ئەمساڵ دۆخی کەرتی وەبەرھێنان زۆر لە ساڵی ڕابردوو باشتر بێت.

بەشار عەلی باسی لەوەش کرد: "حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە وەزارەتی پلاندانان پلانێکی داناوە کە ٢٠% ڕەسیدی وەبەرھێنەران بدرێتەوە، چونکە نزیکەی دووملیار دینار قەرزی وەبەرھێنەران لای حکوومەتە و بڕیار دراوە بدرێتەوە، کە ڕەنگە دانەوەشی بکەوێتە دوای جێبەجێکردنی بوودجەی عێراق و ڕەوانەکردنی پشکی ھەرێم لە لایەن بەغداوە."

بەشار عەلی گوتیشی: "ھەواڵەکانی کەرتی وەبەرھێنان زۆر دڵخۆشکەرن، بۆیە ئەگەر حکوومەتی نوێ پێک بێت. ھەواڵی دڵخۆشکەریش دەبێت."
kdp-
Top