ڤیان دەخیل لەبارەی سەربڕینی ٥٠ کچە کوردی ئێزدی لەلایەن داعشەوە دەدوێت
پاش ئەوەی ڕۆژنامەی (دەیلی مەیل)ی بەریتانی ھەواڵێکی بڵاو کردەوە و تێیدا سەربڕینی ٥٠ ژنە کوردی ئێزدی لەلایەن داعشەوە ڕاگەیاند. ڤیان دەخیل، ئەندامی خولی پێشووی پەرلەمانی عێراق ڕايگەیاند: "ئێستا لێکۆڵینەوە لە بارەی ئەو ھەواڵانە دەکەین کە باس لە دۆزینەوەی سەری ٥٠ کچە کوردی ئێزدی دەکەن“.
پرسیاری ئەوەشی کرد کە ئاخۆ ئەو ھێزە تایبەتییەی بەریتانیا کە لە ھەواڵەکەدا دەگوترێ گوایە تەرمەکانیان دۆزیوەتەوە، چۆن زانیویانە ئەو سەرانە ھی کچانی ئێزدین؟ چونکە داعش چەندین کۆمەڵکوژی ئەنجامداوە، مەرج نییە ئەو (سەر)انەی دۆزراونەتەوە، سەری کچە کوردە ئێزیدییەکان بن و پێویستە لێکۆڵینەوەی زیاتری بۆ بکرێت.
ڤیان دەخیل ڕوونیشی کردەوە، جگە لەو ٥٠ کچە ئێزدییە، لێکۆڵینەوە لەبارەی ئەو منداڵانەش دەکەن کە لەلایەن رێکخراوی داعش بوون. گوتیشی: ”جێی قەبووڵ نییە ئەو منداڵانە بە داعش ھەژمار بکرێن، چونکە ئەو منداڵانە لە دوو لایەن تاوانیان بەرامبەر کراوە، جارێکیان داعش خێزانی کوشتوون، ھەروەھا ئایدۆلۆژیای داعشیان بەسەریان سەپێندراوە".
باسنيوز
