سهرۆك بارزانی بۆ كۆتاییهێنان به ئازارەكانی گەلی كورد لە سووریا داوای رۆڵ له رووسیا دهكات
لە دیدارەكەدا كە ڤیكتۆر سیماكۆڤ كونسوڵی ڕووسیا لە هەولێریش ئامادەی بوو، باڵیۆزی ڕووسیا لە عێراق سڵاوی سەرۆك پۆتین و وەزیری دەرەوە و نوێنەری تایبەتی سەرۆكی ڕووسیا بۆ كاروباری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە سەرۆك بارزانی گەیاند و جەختی لە بایەخ و پێگەی هەرێمی كوردستان لە سیاسەتی دەرەوەی ڕووسیا و پەرەپێدانی نێوان پەیوەندییەكانی هەردوولا كردەوە.
هەر لەو دیدارەدا بیروڕا لەبارەی بارودۆخی سیاسی و دواپێشهاتەكانی ناوچەكە و سووریا ئاڵوگۆڕ كرا و باڵیۆزی ڕووسیا سیاسەت و ستراتیجیی وڵاتەكەی لەبارەی پێشهات و دوایین گۆڕانكارییەكانی سووریا و هەروەها ڕۆڵی كورد لە ئاییندەی سووریا بە سەرۆك بارزانی ڕاگەیاند.
پەیوەست بەم باسەوە سەرۆك بارزانی نیگەرانی و بۆچوونەكانی خۆی لەبارەی ئاییندەی گەلی كورد لە سووریا و ڕێگەچارەكان خستەڕوو و داوایشی كرد كە ڕووسیا ڕۆڵی هەبێت بۆ ڕێگەگرتن و كۆتایهاتن بە ئێش و ئازارەكانی گەلی كورد لە سووریا. بۆ ئەو مەبەستەیش هەردوولا لەسەر ئەوە هاوڕا بوون كە لە پەیوەندی و ڕاوێژی بەردەوامدا بن.
پەیوەندییەكانی نێوان هەرێم و بەغدا و چارەنووسی كەركووك و هەنگاوەكانی ناو پڕۆسەی سیاسیی هەرێم تەوەری تری ئەو كۆبوونەوەیە بوون.
K24
