سلێمانی.. بەھۆی ڕووداوێکی ھاتوچۆ چوار کەس بوونە قوربانی

سلێمانی.. بەھۆی ڕووداوێکی ھاتوچۆ چوار کەس بوونە قوربانی
بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی سلێمانی لە ڕاگەیاندراوێکدا ئاشکرای کرد، بەھۆی ڕووداوێکی ھاتوچۆ چوار کەس بوونە قوربانی.

ئەمڕۆ یەکشەممە 24/2/2019، بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی سلێمانی ڕاگەیاندراوێکی لە پەیجی فەرمیی خۆی، لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (فەیسبووک) بڵاو کردەوە، تێیدا ھاتووە: "پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ لەئەنجامی ڕووداوێکی ھاتوچۆ لەسەر ڕێگای خەلەکان – ڕانیە، نزیک گوندی (باقلان)، کەسێک گیانی لەدەست دا و سێ کەسی دیکەش بریندار بوون".

باس لەوەش کراوە: "ڕووداوەکە لەنێوان دوو ئۆتۆمبێلدا لە جۆرەکانی ھیۆندای ئێلێنترا و تۆیۆتا ھایلۆکس ڕووی داوە، لەئەنجامدا شۆفێری ھیۆندایەکە گیانی لەدەست داوە و سێ لە سەرنشینەکانی تۆیۆتاکەش بریندار بوونە".

پۆلیسی سلێمانی ئاماژە بەوەش دەدات، کە پاش گەیشتنی ھێزەکانی بەشی پۆلیسی دووکان بۆ شوێنی ڕووداوەکە، بریندارەکان ڕەوانەی نەخۆشخانەی فریاکەوتن کران و تەرمەکەش ڕەوانەی پزیشکی دادوەری کرا، ئێستاش پەڕاوی لێکۆڵینەوە بۆ ڕووداوەکە کراوەتەوە و لێکۆڵینەوەکان بەردەوامن".











Top