شاڵاو عەلی عەسکەری بۆ پۆستی پارێزگاری کەرکووک کاندید دەکرێت

شاڵاو عەلی عەسکەری بۆ پۆستی پارێزگاری کەرکووک کاندید دەکرێت
بەپێی نووسراوێک، شاڵاو عەلی عەسکەری، ئەندامی سەرکردایەتیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، یەکێکە لە کاندیدانی یەکێتی بۆ پۆستی پارێزگاری کەرکووک.


لەو نووسراوەدا کە بەرواری ٢٢ی ٢ی ٢٠١٩ی لەسەرە، شاڵاو عەلی عەسکەری داوای لە مەڵبەندی کەرکووکی یەکێتی کردووە، پشتیوانی بکەن لە خۆکاندیدکردنی بۆ پۆستی پارێزگاری کەرکووک.

هاوکات وێنەیەکی نووسراوەکەشی ئاراستەی جێگری سکرتێری گشتیی یەکێتی و مەکتەبی سیاسیی یەکێتی کردووە.

لەمبارەیەوە کەناڵی (کوردستان ٢٤) لە زاری شاڵاو عەلی عەسکەرییەوە ناوەڕۆکی نووسراوەکەی پشتڕاست کردووەتەوە و دووپاتی کردووەتەوە کە خۆی بۆ پۆستەکە کاندید کردووە.

لە بەرامبەردا ڕەوەند مەلا مەحمود، جێگری لێپرسراوی مەڵبەندی کەرکووکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، ڕایگەیاند: "ئاگاداری ئەوە نین کە شاڵاوی عەلی عەسکەری، خۆی بۆ پۆستی پارێزگاری کەرکوک کاندید کردبێت، بەڵام ئەگەر کەسێک لە مەکتەبی سیاسی خۆی بۆ ئەو پۆستە کاندید کردبێت، ئەوەیان شتێکی دیکەیە".

ئاماژەی بەوەش دا، شاڵاوی عەلی عەسکەری کادیری یەکێتییە و دەبێ پرسی کاندیدکردنەکەی لە ئەنجومەنی سەرکردایەتیی یەکێتیدا قسەی لەبارەوە بکرێت.

ڕەتیشی کردەوە کە تاوەکوو ئێستا، لەنێو مەڵبەندی کەرکووکی یەکێتیدا گفتوگۆ لەبارەی کاندیدبوونی شاڵاو عەلی عەسکەری کرابێت.

هەرچەندە پێشتر هەریەک لە ڕزگار عەلی و خالید شوانی لەلایەن یەکێتییەکانەوە بۆ پۆستی پارێزگاری کەرکووک ناویان هێندراوە، بەڵام پارتی دیموکراتی کوردستان جەختی لەوە کردووەتەوە کە پێویستە پێش دانانی پارێزگاری کەرکووک، دۆخی شارەکە ئاسایی بکرێتەوە و ئەو هێزانەی لە دوای ١٦ی ئۆکتۆبەرەوە هێندراونەتە کەرکووک، لە شارەکە بچنە دەرەوە، ئینجا پارێزگارێک بۆ کەرکووک دابنرێت.













باسنیوز
Top