گوتەبێژی بنەماڵەی میری ئێزدییان دەستنیشان کرا

گوتەبێژی بنەماڵەی میری ئێزدییان دەستنیشان کرا
بنەماڵەی میری ئێزدییان کەسێکیان وەک گوتەبێژی فەرمیی بنەماڵەکەیان دەستنیشان کرد.

عامر مەحمود سیدۆ میرزا بەگ، خۆی بە گوتەبێژی بنەماڵەی میری ئێزدییان ناساند و ڕایگەیاند: ”دەنگدان لەنێو ماڵی میری ئێزدییان کراوە لەسەر دانانی گوتەبێژێکی فەرمی، من توانیم باوەڕی هەموویان بەدەست بهێنم و ببمە گوتەبێژی بنەماڵەی میری ئێزدییان“.

ڕوونیشی کردەوە کە پاش کۆچی دوایی میر تەحسین بەگ لە ئەڵمانیا، بنەماڵەی میری ئێزدییان لە هەوڵدان بۆ دیاریکردنی میرێک کە جڤاتی ڕۆحانی و ئێزدیش لەسەری ڕازی بن.

جەختیشی لەوە کردەوە کە ئەو کەسەی دەبێتە میری ئێزدییان، نوێنەرایەتیی هەموو ئێزدییانی کوردستان و جیهان دەکات.

میر تەحسین بەگ، میری ئێزدییانی جیهان، لە ڕۆژی ٢٨ی ١ی ٢٠١٩ و لە تەمەنی ٨٦ ساڵیدا، لە نەخۆشخانەیەکی شاری هانۆڤەر لە ئەڵمانیا کۆچی دوایی کرد و دواتر لە مەراسیمێکی تایبەتدا تەرمەکەی گەڕێندرایەوە هەرێمی کوردستان.












باسنیوز
Top