شاخەوان عەبدوڵڵا: لە هەنگاوی کردەییداین بۆ ئاساییکردنەوەی دۆخی کەرکووک

 شاخەوان عەبدوڵڵا: لە هەنگاوی کردەییداین بۆ ئاساییکردنەوەی دۆخی کەرکووک
ئەندامی لیژنەی باڵای دانوستانکاری پارتی لەگەڵ بەغدا بۆ ئاساییکردنەوەی دۆخی کەرکووک گوتی، لە گفتوگۆکانیان لەگەڵ بەغدا بۆ ئاساییکردنەوەی دۆخی کەرکووک قۆناغی باشیان بڕیووە و گەیشتووینەتە ھەنگاوی کردەیی.

ئەندامی لیژنەی باڵای دانوستانکاری پارتی لەگەڵ بەغدا بۆ ئاساییکردنەوەی دۆخی کەرکووک، شاخەوان عەبدوڵڵا، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "ئێمە لە کۆبوونەوەکانمان لەگەڵ لایەنە ساسییەکان بەردەوامین و چاوەڕێی کۆمیتە سەربازییەکان دەکەین ڕاپۆرتی خۆیان تەواو بکەن و ئاراستەی حکوومەتی ھەرێم و بەغدای بکەن، چونکە ئەو کۆمیتە سەربازییانە شوێنەکان دیاری دەکەن کە ھێزی ھاوبەشی سوپا و پێشمەرگەی بۆ دەگەڕێتەوە و لە کوێش پێویستی بەوە ھەیە ھێزی عێراقی لێی بکشێنەوە و دوای ئەوە ھەردوو حکوومەت بڕیاری لێ دەدەن."

شاخەوان عەبدوڵڵا گوتیشی: "بە پێی ئەو بەرنامەیەی دانراوە دوای ئەو ھەنگاوە، بازگەکان دەدرێنەوە پۆلیس و دوای ئەوەش بارەگاکانی پارتی لە کەرکووک چۆڵ دەکرێن و ئێمە دەگەڕێینەوە، چونکە بەرنامەکە بەو شێوەیە دانراوە."

عەبدوڵڵا باسی لەوەش کرد: "ھێزی پێشمەرگە دەگەڕێتەوە ئەو ناوچانەی پێش ٥/٩/٢٠١٤ لێی بوون و ئێستا چاوەڕێی ڕەزامەندیی ئەنجومەنی وەزیران دەکەین و لە کەرکووکیش جگە لە ھێزە ناوخۆییەکان ھیچ ھێزێکی دیکەی لێ نامینێت."

شاخەوان عەبدوڵڵا گوتیشی: "دوای ئاساییکردنەوەی دۆخەکە پارێزگار دیاری دەکرێت، بۆیە ئێستا گەیشتووینەتە قۆناغی ھەنگاونانی کردەیی بۆ ئاساییکردنەوەی دۆخی کەرکووک و قۆناغی زۆر باشمان بڕیوە."
kdp -
Top