31 ساڵ بەسەر ئەنفالی دۆڵی جافایەتی تێپەڕ دەبێت
ئەنفالی کورد بە چەند قۆناغێک دەستی پێکرد، قۆناغی یەکەم کە بە ئەنفالی یەک ناسراوە لە دۆڵی جافایەتی دەستی پێکرد.
ئەنفالی یەک: ئەنفالی دۆڵی جافایەتی، (لە 23شوبات تاکو 19ئاداری 1988ی خایاند) ئەم شاڵاوە بە هێرشکردن بۆ سەر گوندەکانی سەرگەڵوو و بەرگەڵویی دۆڵی جافایەتی لە 23شوباتی 1988 دەستیپێکرد.
لە چەند قۆڵێکەوە کە سوڵتان هاشمی وەزیری بەرگری ئەوکاتی رژێمی بەعس سەرکردایەتی دەکرد، بە درێژایی 80 کیلۆمەتر لە شارەدێی بنگردەوە بۆ لای رۆژھەڵاتی دەریاچەی دوکان، شارۆچکەی دوکان، شاری سلێمانی، شارۆچکەی ماوەت و چوارتای گرتەوە.
ئامانجی ئەم ھێرشە لە ناوبردن و وێرانکردنی 25-30 گوندی دۆڵی جافایەتی و داگیرکردنی بارەگاکانی سەرکردایەتی ھێزی پێشمەرگە بوو.
ئەم ھێرشە بەربڵاوە سنووری شارۆچکەکانی (سورداش، دوکان، سەرچنار، قەڵاچوالان، چوارتا)ی گرتەوە .
ھێزە بەشداربووەکانی ئەم شاڵاوە پێکھاتبوون لە (20) لیوا و شەست فەوج. لەم ھێرشەدا نوێترین چەکی قوڕس بەکارھێنران کە بوونە ھۆی وێرانکارییەکی زۆری گوندەکانی قمچۆغە، شاخەڕەش، دۆڵەڕووت، قزلەر، قەرەسەرد، ئاسۆس، قەرەچەتان، شەدەڵە، پیرەمەگرون، زێوێ، گەڕەدێ، دابان، مەرگە و شارستێن و چەند گوندێکی دیکە.
بەشێوەیەک ھیچ گوندێک لەم ناوچەیە رزگاری نەبوو، ئەوانەشی مابوونەوە تاڵانکران.
بەشێکی زۆری خەڵکی ناوچەکە بەرەو ئێران ھەڵاتن، ھەندێکیشیان بەرەو سلێمانی چوون.
ئەمڕۆ دوای 31 ساڵ، رێوڕەسمی یادی ئەو کۆمەڵکوژییەی کوردان لە قەزای دووکان کرایەوە و گوندنشینانش داوا دەکەن، زیاتر پەرە بە کشتووکاڵ، ئاژەڵداریی و ئاوەدانکردنەوەی گوندەکانیان بدرێت.
k24 -
