"لە مەخموور داعش ھێرشی کردە سەر گوندێک"
ئەمڕۆ لە سنووری قەزای مەخموور چەکدارانی داعش ھێرشیان کردە سەر ژمارەیەک ھاووڵاتیی سڤیل کە خەریکی کۆکردنەوەی گیای بەھارە بوون و دواتر لە لایەن دانیشتووانی گوندی عەلیەڕەشەوە وەڵامی تەقەکانی داعش درایەوە و بەو ھۆیەوە داعش نەیتوانی ئامانجەکەی بپێکێت لە ڕفاندن و شەھیدکردنی ھاووڵاتیانی گوندەکە.
کرمانج عەبدوڵڵا، بەرپرسی لقی ٢٣ی مەخمووری پارتی دیموکراتی کوردستان ئاشکرای کرد: "ھێرشەکەی داعش بۆسەر گوندی عەلیەڕەش لە کاتێکدایە کە ئەو ناوچەیە دەکەوێتە ژێر دەسەڵاتی ھێزەکانی عێراق، بەڵام لە دوای داگیرکرانی مەخموورەوە ھێزەکانی عێراق تەنیا لە شەقامە سەرەکییەکان و سەنتەری شارەکاندا ھەن و توانای پاراستنی ناوچەکەیان نییە."
بەرپرسی لقی مەخموور بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "جووڵەی چەکدارانی داعش ماوەیەکە زیادی کردووە، بەتایبەتی لە سنووری چیای قەرەچۆغ، چەندین جار لە لایەن پێشمەرگە و ھاوپەیمانانەوە ئۆپەڕاسیۆن ئەنجام دراوە و لە ڕۆژانی ڕابردووشدا ھێزەکانی عێراق پێگەی داعشیان لە قەرەچۆغ بەئامانج گرتووە، بەڵام خۆیان لەو شوێنە سەختەدا حەشار داوە."
پەیوەست بە پڕکردنەوەی بۆشاییی نێوان ھێزی پێشمەرگە و سوپای عێراق، کرمانج عەبدوڵڵا دەڵێت: "ئێستا لیژنەیەک ھاوبەشی وەزارەتی پێشمەرگە و بەرگریی عێراق خەریکی دانانی پلانێک بۆ ئەوەی خاڵی ھاوبەش دیاری بکرێت و ھەموو ئەو شوێنانەی لە نێوان ھەردوولادا بە بۆشایی ماونەتەوە، پڕ بکرێنەوە، تا چیتر داعش کەڵک لەو بۆشاییە ئەمنییە وەرنەگرێت."
kdp-
