مافی مرۆڤ: پەكەكە گرفتی بۆ عێراق و هەرێم دروست كردووە

مافی مرۆڤ: پەكەكە گرفتی بۆ عێراق و هەرێم دروست كردووە
رێكخراوەكانی مافی مرۆڤ لە جیهان، نیگەرانن لە حكوومەتی عێراق كە نەیتوانیوە كۆنتڕۆڵی سنوورەكانی بكات و بەو هۆیەوە لە شنگال و مەخموور و هەڵەبجە و گەرمیان، پەكەكە منداڵ بۆ كاری سیاسی و سەربازی بەكار دەهێنێت.

رێكخراوەكانی مافی مرۆڤ، لە راپۆرتی ساڵانەی خۆیاندا ئاماژەیان بە پێشێلكاریی پەكەكە كردووە لە سنووری عێراق و بەو هۆیەوە منداڵیان بۆ كاری سیاسی و سەربازی بەكار هێناوە، تاڤگە عومەر، بەڕێوەبەری گشتیی دەستەی مافی مرۆڤ لە كوردستان، بۆ ماڵپەڕی فەرمی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی: "ئەو منداڵانەی لەلایەن پەكەكەوە كاریان لەسەر كراوە، تەمەنیان لە خوار 18 ساڵەوە بووە، واتە لە 15 تا خوار 18 ساڵی، لەو رێژەیەش كە كاریان لەسەر كراوە و لەلایەن نووسینگەكانمانەوە نێردراون، زۆربەیان رەگەزی نێر بوون، بۆیە ئەمە لە ئاستی نێودەوڵەتییش گرفتی بۆ عێراق و هەرێمی كوردستان دروست كردووە، چونكە عێراق واژۆی لەسەر پڕۆتۆكۆڵی مافەكانی منداڵ كردووە و ئەو پڕۆتۆكۆڵە جەخت لەوە دەكاتەوە، كە نابێت منداڵ لە خوارووی 18 ساڵ لە ململانێ و ناكۆكییە سەربازییەكان بەكار بهێنرێت".

عومەر ئەوەشی خستە روو: "لە كوردستان بە تەواوەتی ئەو ماددەیە جێبەجێ دەكرێت كە هیچ كەس بۆی نییە لە خوار 18 ساڵ ببێتە پێشمەرگە، بۆیە ئەوەی پەكەكە دەیكات ئیلتزامێكی ئەخلاقیش لەسەر ئێمە دروست دەكات كە پابەندبوون بە بڕگە و خاڵەكانی مافی منداڵ لە جیهاندا گرینگە و پێویستە رێوشوێنی توند لەو بارەیەوە بگیرێتە بەر".

تاڤگەر عومەر راشیگەیاند: "كۆمەڵگای نێودەوڵەتی نیگەرانە لە بەكارهێنانی منداڵ بۆ بابەتی سیاسی و سەربازی و بەرپرسیاریەتی دەكەوێتە سەرشانمان، لە هەمووشیان گرینگتر ئەوەیە كە چۆن دایك و باوكان پارێزگاری لە منداڵەكانیان بكەن، چونكە ئەوەی پەكەكە دەیكات كارێكی نادروستە، بۆیە گرینگە كاری لەسەر بكرێت كە منداڵانی كوردستان نەبنە سووتەمەنیی ئەو ئاگرە".

دەشڵێ: "چوونی منداڵان بۆ ناو پەكەكە، گرفتی بۆ خێزانەكان دروست كردووە، چونكە ئەوانەی منداڵیان رفێنراوە، ناتوانن وەك پێویست بێنە لامان و بەدواداچوون بكەن بۆ كەیسەكانیان، كە گرینگە لایەنە پەیوەندارەكانی حكوومەت جەخت لە پاراستنی شیرازەی خێزان بكەنەوە".
kdp-
Top