دیندار زێباری: پێویستە یوئێن ڕۆڵی کاراتری هەبێت

دیندار زێباری: پێویستە یوئێن ڕۆڵی کاراتری هەبێت
دیندار زێباری دەڵێ، پێویستە یوئێن ڕۆڵێکی کاراتری هەبێت لە بابەتی هاوبەشیی نێوان هەولێر و بەغداد بۆ ئاساییکردنەوەی دۆخی ناوچە دابراوەكان.

جینین هێنیس پلاسخارت، نوێنەری تایبەتی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق ڕۆژی ١٣ی شوباتی ٢٠١٩ ڕاپۆرتی وەرزانەی خۆی پێشکەش بە ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان کرد. ئەو ڕاپۆرتە زیاتر جەختی خستبووە سەر دۆخی سیاسیی عێراق و ئەو پێشهات و بەرەوپێشچوونانەی کە لە ماوەی ڕابردوودا لەم وڵاتەدا بەدی هاتووە. لەم ڕاپۆرتەدا جەخت خراوەتە سەر پێکهێنانی حکوومەتی نوێی عێراق و حکوومەتی هەرێمی کوردستان و ئاماژە بەوە کراوە کە بە هۆی ململانێ سیاسییەکانی ئەم وڵاتە پرۆسەی پێکهێنانی حکوومەت زۆر بە هێواشی بەڕێوە دەچێت.

دیندار زێباری، ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکانی حکوومەتی هەرێم ڕایگەیاند: "پێویستە یوئێن ڕۆڵێکی ئەکتیڤتر و کاراتری هەبێت لە بابەتی هاوبەشی نێوان هەولێر و بەغداد و هاندەر بێت بۆ ئاساییکردنەوەی دۆخی ناوچە دابڕاوەكان لە ڕووی گەڕانەوەى سەقامگیریی ئەمنیی هاوبەش و دابینکردنی خزمەتگوزاری، چونکە یونامی لایەنێکی گرینگە لە چاودێری نیودەوڵەتی بۆ پروسەی سەرخستنی سەقامگیریی سیاسی لە وڵاتدا. کاتی خۆی لە ٣١-١٢-٢٠٠٧ ماددەی چارەسەرکردنی کێشەی ناوچە دابڕاوەکان لە ڕێگای ماددەی ١٤٠ کاتەکەی درێژ کرایەوە بە مەبەستی جێبەجێکردن و یوئین خۆیشی لە کاتی درێژککردنەوەی ماددەکەدا جەختی لەسەر ڕۆڵی هەولێر و بەغداد کردووەتەوە لە ئاساییکردنەوەی ڕەوشی ئەو ناوچانە و ئێستاش پێویستە زیاتر جەخت بخاتە سەر حکوومەتی ناوەند بۆ جێبەجێکردنی ئەم ماددەیە".

زێباری ڕایگەیاند: "ئەوەی بابەتی سەرەکییە و بۆشاییی گەورەی دروست کردووە و حەق وابوو یوئێن باسی لەسەر بکات ڕەوشی کەرکووک، دۆخی ئەمنی و پێکەوەژیانە لەم شارەدا. بە گشتی نێردەی یونامی کەمتەرخەمە لەم بوارەدا و کاتی خۆشی لە کاتی ١٦ی ئۆکتۆبەری ٢٠١٧ نێردەى ناوبراو بۆ لێکۆڵینەوە و بەدواداچوونی ڕووداوەکان لیژنەیەکی پێک هێنا، بەڵام  پاش تێپەڕبوونی ساڵ و نیوێک دەرەنجامی لیژنەکەیان دیار نییە و تا ئێستاش ڕۆڵێکی کارای نەبووە لە گەڕانەوەى متمانە و سەقامگێریی سیاسی بۆ شارەکە."

لە لایەکی دیکەشەوە نوێنەرى تایبەتی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە وتاری خویدا باس لە گەڕانەوەی خەڵک دەکات بۆ سەر ماڵوحاڵی خۆیان لە ناوچە دابڕاوەکان، ئەمە لە کاتێکدایە کە هۆکاری نەگەڕانەوەی بەشی هەرەزورى کەمایەتییە ئایینییەکان بۆ سەر ماڵوحاڵی خۆیان بوونی ژمارەیەکی زۆر چەکدارى حەشدی شەعبی و میلیشیای تر لە ناوچەکەدایە  کە مەترسی بۆ سەر ژیانیان دروست کردووە. هەر ئەوانیشن ڕێ نادەن بە گەڕانەوەی دامودەزگا حکوومییەکان بۆ ناوچەکانیان.

لە کۆتاییی لێدوایەکەیدا ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان لە حکوومەتی هەرێم دەڵێت: "پێویستە لەمەودوا نێردەى نەتەوە یەکگرتووەکان هاوسەنگی بپاریزیت لە هەڵسەنگاندنیان بو واقعی ڕەوشی حوکمڕانی لە هەرێم و ئەو ئاستەنگانەی لە پێش هەرێمدا هەن لە یارمەتیدانی ئاوارە و پەنابەران، دابینکردنی خزمەتگوزاری بۆیان، پاراستنی دۆخی ئەمنیی ناوچانە دابڕاوەکان و دووبارە بنیاتنانەوەی ئەو ناوچانەی و گەڕانەوەى خەڵک بۆ سەر ماڵوحاڵی خۆیان.
kdp-
Top