باڵیۆزی ئێران: سەقامگیری کوردستان بۆ ئـێمە گرینگە

باڵیۆزی ئێران: سەقامگیری کوردستان بۆ ئـێمە گرینگە
مه‌سروور بارزانی پەرەپێدانی پێوەندییەکانی له‌گه‌ڵ باڵیۆزی ئێران لە عێراق تاوتوو کرد و باڵیۆزی ئێران دووپاتی لە پشتیوانی وڵاتەکەی بۆ هەرێمی کوردستان کردەوە و رایگەیاند، "لە داهاتوودا ئەو پەیوەندییانە بەهێزتر دەکەین و سەقامگیری کوردستان بۆ ئـێمە گرینگە.

ئەمڕۆ چوارشەممە ٢٠-٢-٢٠١٩ مه‌سروور بارزانی، راوێژکاری ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان لەگەڵ ئیرەج مەسجدی باڵیۆزی ئێران لە عێراق کۆبۆوە.
لە کۆبوونەوەکەدا، وێڕای تیشک خستە سەر پەیوەندی لە مێژینەی نێوان هەردوو گەلی کوردستان و گەلانی کۆماری ئیسلامی ئێران و ئالووێرکردنی مامەڵەی بازرگانی نێوان هەرێمی کوردستان و کۆماری ئیسلامی ئێران، ئاماژە بە دوا هەنگاوەکانی هەڵبژاردن و پێکهێنانی دامەزراوە فەرمییەکانی هەرێمی کوردستان درا و جەخت لە بایەخی پەلەکردن لەو هەنگاوە دیمۆکراسیانە لە نێوان لایەنەکان کرایەوە.

لەلای خۆیەوە باڵیۆزی ئێران لە عێراق، تیشکی خستە سەر میکانیزمی پەرەپێدانی پەیوەندییەکان لەگەڵ عێراق و هەرێمی کوردستان و دووپاتی لە پشتیوانی وڵاتەکەی بۆ هەرێمی کوردستان کردەوە و رایگەیاند، " لە داهاتوودا ئەو پەیوەندییانە بەهێزتر دەکەین و سەقامگیری کوردستان بۆ ئـێمە گرینگە.
پەرەسەندنی رەوشی ناوچەکە بەگشتی و  ئاساییکردنەوە و ئاوەدانکردنەوەی رەوشی ناوچە ئاڵۆزەکانی عێراق، تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکە بوو.
kdp-
Top