مەسرور بارزانی و فەرماندەی گشتی هێزەکانی هاوپەیمانان لە عێراق و سووریا کۆ بوونەوە

مەسرور بارزانی و فەرماندەی گشتی هێزەکانی هاوپەیمانان لە عێراق و سووریا کۆ بوونەوە
راوێژکاری ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان، پێشوازی لە فەرماندەی گشتی هێزەکانی هاوپەیمانان لە عێراق و سووریا و شاندی یاوەری کرد.

‏‎ئەمرۆ چوارشەممە 20/2/2019، مەسرور بارزانی، راوێژکاری ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان پێشوازیی لە جەنەڕال پۆڵ لێکامێرۆ، فەرماندەی گشتی هێزەکانی هاوپەیمانان لە عێراق و سووریا و شاندی یاوەری کرد.

‏‎لەم دیدارەدا پێشهات و گۆڕانکارییەکانی ناوچەکە و پێشخستنی زیاتری میکانیزمی هەماهەنگی نێوان هێزه‌ پەیوەندیدارەکان و بەگژداچوونەوەی هەڕەشەی تیرۆریزم گفتوگۆیان لەسەر کرا.

‏‎مەسرور بارزانی، وێڕای جه‌ختكردنه‌وه‌ له بایه‌خ و گرینگی هاوکاری زیاتری هێزی پێشمەرگە بۆ بەگژداچوونەوەی‌ هه‌ڕه‌شه‌كانی تیرۆریستان، ئاماژەی بە پەرەسەندنی جموجۆڵ و کردەوە تیرۆریستییەکان لە چەند پارێزگایەکی عێراق دا و رایگەیاند، ئەگەر لەبنەڕەتەوە هۆکارەکانی سەرهەڵدانی تیرۆر و توندوتیژی لە ناوچەکە چارەسەر نەکرێن، زەمینەی سەرھەلدانەوەی توند و تیژی لە ژێر ناو و شێوازی جیادا بەردەوام دەبێت.

‏‎لە بەرامبەردا فەرماندەی گشتی هێزەکانی هاوپەیمانان لە عێراق و سووریا، دووپاتی کردەوە، کە هاوپەیمانان لە هاوکاری و مەشق و پاڵپشتیكردنی هێزەکانی پێشمەرگە و عێراق بەردەوام دەبن، بۆ پاراستنی ناوچەکانیش ، هاوبەشی و هەماهەنگی نێوان ئەم هێزانەی بەپێویست زانی.

لەبەشێکی دیکەی ئەو دیدارەدا پەرەسەندنەکانی رەوشی سووریا، بەتایبەتی ناوچەکانی رۆژهەڵاتی فورات گفتوگۆی لەسەر کرا، پەیوەست بەو بابەتە راوێژکاری ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان نیگەرانی خۆی لە ئەگەر و پێشهاتەکان لەو ناوچانە دەربڕی و جەختی لە دیالۆگ و چارەسەری سیاسیانەی رەوشەکە کردەوە و رایگەیاند پێویستە لە گفتوگۆکاندا گەرەنتی ماف و ئاسایشی گەلی کورد لەو وڵاتەدا لەبەرچاو بگیردرێت.












باسنيوز
Top