4 ئه‌ندامی خێزانێك دڵیان له‌لای راستی جه‌سته‌یانه‌

4 ئه‌ندامی خێزانێك دڵیان له‌لای راستی جه‌سته‌یانه‌
چوار ئەندامی خێزانێک لە گوندێكی نزیك سلێمانی، حاڵەتێکی دەگمەن و جیاوازیان ھەیە، ئەویش ئەوەیە دڵیان لەبری ئەوەی له‌ لای چەپ بێت كه‌وتووه‌ته‌ لای ڕاست، پزیشکانیش دەڵێن, ھیچ مەترسیەکی نیە و لە 15 ھەزار کەس لە جیھان حاڵەتێکی له‌مجۆره‌ ڕوو ده‌دات.

چیرۆکی ئاشکرابوونی حاڵه‌ته‌كه‌شیان، شۆخان بۆ نەخۆشكه‌وتنی براکەی ئەگەڕێنێتەوە، کاتێک له‌م چه‌ند ساڵه‌ی دواییدا لە نەخۆشخانە پکشنینيان بۆ کردووە و دەرکەوتووە, منداڵە گەورەکەشى ھەمان حاڵەتی ھەیە.

شۆخان مه‌حموود كه‌ ئه‌ندامێكی ئه‌و خێزانه‌یه‌ ده‌ڵێت: "دواى ئه‌وه‌ی برای منیان له‌ نه‌خۆشخانه‌ هێنایه‌وه‌، پێیان گوتین ده‌بێت هه‌مووتان بچن پشكنینی پزیشكی بكه‌ن، ئه‌وان چوون، به‌ڵام من نه‌چووم".

باوکی شۆخانيش باس لەوە دەکات, کە ھەرگیز پکشنینی بۆ منداڵەکانی نەکردووە، کاتێکیش پزیشکەکان بەحاڵەتەکەیان زانیوە، پێیان سەیر بووە، کە چۆن 4 ئەندامی خێزانیک دڵیان لای ڕاستە.

ھەر نەوەیەکی نوێ بێتە ناو دنیای ئەم خێزانە زوو پشکنینی بۆ ئەکرێت، چونکە دڵنیا نین له‌وه‌ی ھەمان حاڵەت دووباره‌ نه‌بێته‌وه‌، بەڵام ترسیان نیيە، چونکە پزیشکەکان دڵنیایان کردوونەتەوە، کە دڵ لەلای ڕاستیش بێت مەترسی له‌ سەر ژیانیان نابێت.

له‌باره‌ی ئه‌و حاڵه‌تانه‌ش، فەریدون ئەسعەد, پسپۆری نەشتەرگەری دڵ ده‌ڵێت: "ئه‌مه‌ حاڵه‌تێكی زۆر ده‌گمه‌نه‌، وه‌ك حاڵه‌تێكی باو نییه‌ كه‌ له‌ باوانه‌وه‌ بۆ وه‌چه‌كان بمێنێته‌وه‌، ئه‌و كه‌سانه‌ هیچ كێشه‌یه‌كی ته‌ندرووستیان نییه‌، ژیانێكی ئاسایی و ته‌مه‌نێكی ئاسایی به‌سه‌ر ده‌به‌ن، به‌ڵام ئه‌وانه‌ی كه‌ دڵیان له‌ لای راسته‌، پێویسته‌ پشكنینیان بۆ بكرێت، بۆ ئه‌وه‌ی له‌وه‌ دڵنیا بنه‌وه‌ ئاخۆ حاڵه‌ته‌كه‌یان به‌س ئه‌وه‌یه‌ كه‌ دڵیان لای راسته‌، یانیش حاڵه‌تی دیكه‌ی له‌گه‌ڵدایه‌".

بەوتەی پزیشکان حاڵەتەکە پەیوەندی بە باوانەوە نییە، بەڵکو لە ھەر ١٥ ھەزار کەس، حاڵەتێکی وا دەگمەن ڕوو دەدات، دەگمەنتر لەوەش چوار ئەندامی خێزانەکە تەنیا دڵیان لەلای ڕاست نییە، بەڵکو گەدە و جگەریشان لەبری چەپ لای ڕاستی جه‌سته‌یانە.
K24-
Top