دۆسكی: له‌وه‌ زیاتر تاخیر بوونی په‌رله‌مان كەموكوڕی بوو لە پرۆسەی سیاسیدا

دۆسكی: له‌وه‌ زیاتر تاخیر بوونی په‌رله‌مان كەموكوڕی بوو لە پرۆسەی سیاسیدا
دیندار دۆسكی، سیاسەتمەداری كورد دەڵێ، ھەڵبژاردنی دەستەی سەرۆكایەتیی پەرلەمان، زۆر ئەرێنی و گرینگ بوو، چونكە لەمە زیاتر دوا بخرایە، خەڵك چیدیكە متمانەی بە ھەڵبژاردن نەدەما و كەموكوڕییەكیش بوو لە پرۆسەی سیاسیدا، بۆیە پێویستە بە زووترین كات پارتی و یەكێتی گفتوگۆی دیكە بكەن بۆ ئەوەی حكوومەتیش پێك بھێندرێت.

د. دیندار دۆسكی، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "دیاریكردنی دەستەی نوێی سەرۆكایەتیی پەرلەمان، ھەنگاوێكی ئەرێنی و زۆر باش و گرینگ بوو و پێمان خۆش بوو یەكێتییش بەشداری بكات، بەڵام نەدەكرا لەمە زیاتر دەستبەكاربوونی پەرلەمان دوا بخرێت، چونكە نەبوونی پەرلەمان كەموكوڕییە لە پرۆسەی سیاسیدا".

ئەو سیاسەتمەدارەی كورد باسی لەوەش كرد: "پرۆسەی ھەڵبژاردنەكە زۆر بە باشی بەڕێوە چوو و ئەوەی جێگەی دڵخۆشییش بوو، پارتی ئەوەی راگەیاند كە پۆستی سەرۆكی پەرلەمان مافی یەكێتییە و بە شێوەی كاتی وەریدەگرن تاوەكو بەشداری لە پەرلەماندا دەكەنەوە، بۆیە پەرلەمان دەستبەكار بوو و ئیدی پێویستە ھەنگاو بۆ حكوومەت بنرێت و یەكێتییش بێتە پێشەوە بۆ ئەوەی كێشەكان چارە بكرێن".

دۆسكی ڕاشیگەیاند، بۆشاییەكی یاسایی لە ھەرێم ھەبوو و بە ھۆی نەبوونی پەرلەمانەوە، حكوومەت بێ چاودێری بوو، بەڵام ئێستا دەتوانێ ھەموو كارەكانی ئەنجام بدات و یاسای نوێ دەربكات، بۆیە ھەنگاوێكی زۆر گرینگ بوو.

دەشڵێ: "لەمە زیاتر دەستبەكاربوونی پەرلەمان دوا بخرایە، خەڵكی كوردستان ئیدی متمانەی بە ھەڵبژاردن نەدەما، بۆیە دەستخۆشییان لێ دەكەین كە ئەو ھەنگاوەیان نا و پەرلەمان دەستبەكار بوو، ھیواداریشین بە زووترین كات یەكێتی و پارتی بگەنە رێككەوتن بۆ ئەوەی حكوومەتیش دروست بكرێت".

 KDP-
Top