هاووڵاتیان، هیوادارین یەكەم كاری پەرلەمان پەسەندكردنی پڕۆژە یاسایی چاكسازی بێت
كازم سەلیم، كە لەناو بازاڕی سۆران دوكانی هەیە، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان دەڵێ: "دیاریكردنی سەرۆكایەتیی پەرلەمان، هەواڵێكی دڵخۆشكەر بوو، ئەگەرنا خەڵك زۆر بێزار ببوو، هیوادارم هەموو لایەنەكان رێك بكەون و حكوومەت زوو پێك بێت، بۆ ئەوەی ژیان و گوزەرانی خەڵك خۆش بكرێت و پاشەكەوتی مووچە نەمێنێت".
فەریق هاشم، هاووڵاتییەكی دیكەیە، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی: "داوا لە پەرلەمانتاران دەكەین بیر لە بەرژەوەندیی خۆیان نەكەنەوە، بەڵكوو بیر لە خەڵكی كوردستان بكەنەوە، چونكە لە 30ی ئەیلوولی ساڵی رابردوودا دەنگمان بۆ ئەوە دا كە كوردستان گۆڕانكاری بەخۆیەوە ببینێت و كوردستانێكی بەهێز بێتە كایەوە، هەروەها پەرلەمان دەست بە كارەكانی خۆی بكات و ئەو پڕۆژەیاسایانە پەسەند بكات كە لە بەرژەوەندیی خەڵكی كوردستاندان".
فەهمی غەفوور، كە دوكانی كەلوپەلی ناوماڵی هەیە، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان ئاشكرای كرد: "بەداخەوە لەبەر هەندێك لایەنی سیاسی، كە بوونە رێگر لەوەی كە لە ماوەیەكی نزیكدا دەستەی سەرۆكایەتیی پەرلەمان دیاری بكرێت، دیاریكردنی سەرۆكایەتیی پەرلەمان دواكەوت، ئەگەر سەرۆكایەتی زوو دەستنیشان كرابایە، ئێستا پڕۆژەی چاكسازی پەسەند دەكرا و پاشەكەوتی مووچە نەدەما و جووڵەش دەكەوتە بازاڕ و ژیان و گوزەرانی خەڵك خۆش دەبوو".
رزگار نازم، فەرمانبەری حكوومی لە سۆران، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان جەختی لەوە كردەوە: "ئێمەی هاووڵاتیان زۆر دڵخۆشین بە دەستنیشانكردنی سەرۆكایەتیی پەرلەمان، هیوادارین هەموو لایەنەكان یەك بگرن، بۆ ئەوەی كوردستانێكی بەهێزمان هەبێت و حكوومەت و پەرلەمان پێكەوە ژیان و گوزەرانی خەڵك خۆش بكەن، پەرلەمان پڕۆژەیاسای باش كە لە بەرژەوەندیی خەڵكی كوردستاندان، پەسەند بكات و حكوومەتیش جێبەجێیان بكات، بە تایبەتی پڕۆژەی چاكسازی كە پڕۆژەیەكی گرینگە و هیوادارین یەكەم كاری پەرلەمان پەسەندكردنی ئەو پڕۆژەیاسایە بێت، بۆ ئەوەی پاشەكەوتی مووچە نەمێنێت و ژیان و گوزەرانی خەڵك خۆش بێت".
kdp-
