"ھەرکەسێک بەم دۆخەی ئێستا ببێتە پارێزگاری کەرکوک ھیچ دەسەڵاتێکی نابێت"
دیاری حوسێن، جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی سەرکردایەتیی پارتی دیموکراتی کوردستان لە کەرکووک _ گەرمیان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "ھۆکاری کۆنەبوونەوەی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکووک بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان دەیەوێت پارێزگار دیاری بکرێت لەکاتێکدا خۆیان ھۆکاری ئەوە بوون کە پارێزگار نەمینێت و پارێزگاریش ئەندامی مەکتەبی سیاسیی ئەوان بووە، ئێستا جارێکی دیکە دەیانەوێت پارێزگارێکی دیکە دابنێن، لەکاتێکدا تا ئێستا نەجمەدین کەریم پارێزگاری کەرکووکە."
دیاری حوسێن گوتیشی: "کێشەکە لەسەر شوێنی کۆبوونەوە نییە و لەسەر پارێزگارە و ئەگەر پارێزگاریش دابنرێت بەم دۆخەی ئێستا کە داگیر کراوە و دەسەڵاتی سەربازییە، ھیچ دەسەڵاتێکی نابێت، بۆیە ئێستا پێویست بەوە ناکات پارێزگار دابنرێت تاوەکو دۆخی کەرکووک ئاسایی دەکرێتەوە و ھەرکاتێک دۆخەکە ئاسایی بووەوە، ئەوکات دەکرێ پارێزگار دیاری بکرێت."
حوسێن باسی لەوەش کرد: "ئێستا گفتوگۆی بەردەوام لە نێوان پارتی و یەکێتیدا دەکرێت بۆ ئەوەی لەبارەی کێشەکانی نێوانیان بگەنە ڕێککەوتنێک، چونکە ئێستا ھەرکەسێک بکرێتە پارێزگار بەو دۆخەی ئێستای کەرکووکەوە ھیچ سودێکی نابێت و ھیچ دەستەڵاتێکیشی نابێت، بۆیە چاوەڕێ دەبین بۆ ئەوەی لە گفتوگۆکاندا بگەنە ئەنجامێک."
kdp-
