هێمن هەورامی.. لە ئۆردوگای ئاوارەکانی مەریوانەوە بۆ سەرۆکایەتیی پەرلەمانی کوردستان
ھێمن ئەحمەد حەمە ساڵح، ناسراو بە (ھێمن ھەورامی) لە ساڵی ١٩٧٦ لە ھەڵەبجەی شەھید لەدایک بووە، لە تەمەنی منداڵییەوە لەگەڵ ماڵباتەکەی بەھۆی ھەڵوێستی سیاسییانەوە، ئاوارەی ئێران بووە تا دوای راپەرین گەڕاوەتەوە کوردستانی ئازاد. دەرچووی بەشی زمانی ئینگلیزیی زانکۆی سەڵاحەدینە و ھەڵگری بڕوانامەی ماستەرە لە ئابووری و سیاسەت، ئێستاش قوتابیی دکتۆرایە لە پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان لە زانکۆی سۆران.
هەورامی لە ساڵانی ٢٠٠٤ تا ٢٠١١ لە ئاژانسی پاراستنی ھەرێمی کوردستان کاری کردووە. لە ساڵی ٢٠١١ تا ٢٠١٧ بەرپرسی پەیوەندییەکانی دەرەوەی پارتی دیموکراتی کوردستان بووە. لە کۆنگرەی ١٣ی پارتی بە ئەندامی ئەنجومەنی سەرکردایەتی ھەڵبژێردراوە. لە ساڵی ٢٠١٧ بووەتە بەرپرسی کاروباری سیاسی و پەیوەندییە گشتییەکانی مەکتەبی سەرۆک بارزانی. لە ھەڵبژادنی ٣٠/٩/٢٠١٨ سەرۆکی لیستی پارتی بووە بۆ پەرلەمانی کوردستان.
لە کۆبوونەوەکەی دوێنێ دووشەممە ١٨ی شوباتی ٢٠١٩ی پەرلەمانی کوردستاندا بە جێگری یەکەمی سەرۆکی پەرلەمان ھەڵبژێردرا.
باسنيوز
