یەکەم کۆبوونەوەی دەستەی سەرۆکایەتیی نوێی پەرلەمان و سەرۆکی فراکسیۆنەکان دەکرێ

 یەکەم کۆبوونەوەی دەستەی سەرۆکایەتیی نوێی پەرلەمان و سەرۆکی فراکسیۆنەکان دەکرێ
دەستەی سەرۆکایەتیی نوێی پەرلەمانی کوردستان، یەکەمین کۆبوونەوەی خۆی لەگەڵ سەرۆکی فراکسیۆنەکان ئەنجام دەدات و هەوڵی پێکهێنانی لێژنەکانی پەرلەمان دەدات.



ئەمڕۆ سێشەممە ١٩ی شوباتی ٢٠١٩، دەستەی سەرۆکایەتیی نوێی پەرلەمان، لەگەڵ سەرۆکی فراکسیۆنەکان کۆدەبێتەوە و هەوڵ دەدات بۆچوونیان لەبارەی لێژنە هەمیشەییەکانی پەرلەمانی کوردستان دەدات.



لەمبارەیەشەوە محەمەد سەعدەدین، پەرلەمانتاری پێکهاتەی تورکمان بە (کوردستان ٢٤)ی ڕاگەیاندووە: ”ئێمە دەمانەوێ لە لێژنەکان بەشدار بین، بە تایبەتی لێژنەی یاسایی. بۆیە ئەمڕۆ لە کۆبوونەوەکە بەشدار دەبین. ئەندامێکیشمان دەبێت“.



ڕوونیشی کردەوە کە کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆ، یەکەمین کۆبوونەوەی دەستەی سەرۆکایەتیی نوێی پەرلەمانە و بۆ تاوتوێکردنی پێکهێنانی لێژنەکانە. گوتیشی: ”دەبێ سەرەتا لێژنەی یاسایی دابمەزرێت. هەروەها لە بابەتی پێکهێنانی حکوومەت و یاسای سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان، پێویستە بە زوویی لێژنەی یاسایی بەشدار بێت“.



لە دانیشتنەکەی دوێنێ دووشەممە ١٨ی ٢ی ٢٠١٩، هەریەک لە ڤالا فەرید وەک سەرۆک و هێمن هەورامی وەک جێگر و مونا قەهوەچی وەک سکرتێری پەرلەمان هەڵبژێردران.




باسنيوز
Top