"مانگی دابێ پۆستی وەزارەتەکان یەکلا دەکرێنەوە"
دکتۆر محەمەد شاکر، پەرلەمانتاری فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق ئاشکرای کرد: "بڕیارە لە سەرەتای مانگی ئادار پەرلەمانی عێراق دەست بە کۆبوونەوەکانی بکاتەوە کە ئێستا لە پشووی زستانەدایە و بڕیاریشە لە سەرەتای دەستکردن بە کۆبوونەوەی کێشەی پۆستی ئەو وەزارەتانەی ماون و دانانی سەرۆک و ئەندامانی لیژنەکانی پەرلەمان یەکلا بکرێنەوە.
ئەو پەرلەمانتارە بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "بڕیارە لە دوای ٣ی ئادار پەرلەمان ھەموو ھەوڵەکانی بخاتە گەڕ بۆ ئەوەی پۆستی وەزارەتەکان یەکلا بکرێنەوە، کە دانوستان ھەیە لە نێوان پارتی و یەکێتی بۆ چارەسەرکردنی پرسی وەزارەتی داد و لە نێوان لایەنە عەرەبییەکانیش وەزارەتێکی نوێ بە ناوی ئاسایشی نیشتمانی دادەمەزرێت ئەوەش دەبێتە ھۆی ئەوەی کە پۆستی وەزارەتی ناوخۆ و بەرگری یەکلا بکرێنەوە."
لەبارەی لیژنەکانی پەرلەمانەوە شاکر دەڵێت: "پەرلەمانی عێراق ٢١ لیژنەی ھەمیشەیی ھەیە و ئێستا لە لایەن بەتەمەنترین ئەندامەوە سەرۆکایەتیی ھەر لیژنەیەک دەکرێت، ئەوەش یەکلا دەکرێتەوە، چونکە پێچەوانەی دەستوورە و ھەموو لیژنەکانی پەرلەمانی عێراق لە مانگی دابێت سەرۆک و جێگر و بڕیاردەریان بۆ دیاری دەکرێت، ھەرچەندە ئێستا لیژنەکان چالاکن و کاری خۆیان دەکەن."
kdp-
