سیوەیلی: وڵاتانی جیھان ھەولێر بە ناوەندێکی گرنگی بڕیاردان دەزانن

سیوەیلی: وڵاتانی جیھان ھەولێر بە ناوەندێکی گرنگی بڕیاردان دەزانن
بەرپرسی مەکتەبی پەیوەندییەکانی دەرەوەی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی، پێگەی ھەرێمی کوردستان لەسەر ئاستی جیھان بە جۆرێگ بەھێز بووە کە ھەولێر بووەتە ناوەندێکی گرنگی  بڕیاردان و وڵاتانیش گەیشتونەتە ئەو بڕوایەی کێشەکانی ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست بەبێ ھەرێمی کوردستان چارەسەر نابن، بۆیە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان پێویستە بگەڕێنەوە بۆ ھەولێر.

ھوشیار سیوەیلی، بەرپرسی مەکتەبی پەیوەندییەکانی دەرەوەی پارتی دیموکراتی کوردستان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "کۆنگرەی میونخ بۆ ئاسایش گرنگیی زۆری ھەیە بۆ سەقامگیریی جیھانی و چەندین ساڵە ئەو کۆنگرەیە لە وڵاتی ئەڵمانیا بەڕێوە دەچێت و چەندین وڵاتی گرنگ و چەندین ڕێکخراوی جیھانی بەشداریی تێدا دەکەن و ئەو کۆنگرانە لەبارەی کێشە ھەنوکییەکانەوە ساز دەکرێن و لە ڕێگەی ئەنجامدانی پەنەلی جیاجیاوە چارەسەر دەکرێن. لە کۆنگرەی ئەمساڵیشدا باسی چەندین بابەتی گرنگ کرا، وەکو پەیوەندیی ئەمەریکا و چین و ڕۆڵی ڕووسیا و کاریگەریی لەسەر ئاشتی ئەورووپا و پرسی تیرۆر و پرسی سووریا و بەگشتی باسی ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست کراوە و شاندێکی ھەرێمیش بە سەرۆکایەتیی مەسروور بارزانی بەشداری کردووە و چەندین کۆبوونەوە و دیداری گرنگی لەگەڵ نوێنەری وڵاتان، لەوانە ئەمەریکا و تورکیا و ئێران ساز کردووە، ئەمەش نیشانەی ئەوەیە ھەرێمی کوردستان گرنگیی تایبەتی پێ دەدرێت."

ھوشیار سیوەیلی گوتیشی: "پەیامی مەسروور بارزانی لەو کۆنگرەیەدا زۆر گرنگ بوو، بەتایبەت لەبارەی داعشەوە، ڕاستە کە داعش تێک شکاوە، بەڵام مەترسیی لەسەر عێراق و سووریا و ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست و جیھانیش ھەر ماوە، بۆیە پێویستە گرنگی بە ڕووبەڕووبوونەوەی داعش بدرێت، جگە لەوەش، لە پرسی سووریادا جەختی لەوە کردووەتەوە ھەر گۆڕانکارییەک ڕوو بدات پێویستە مافی کورد لەبەرچاو بگیرێت و پارێزراو بێت."

سیوەیلی ڕایشیگەیاند: "ئەوەی گرنگە جێگری سەرۆکی ئەمەریکا ئاماژەی بەوە کردووە کە بەردەوام دەبن لە ھاوکاریکردنی ھاوپەیمانەکانی خۆیان بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی داعش، کە ھەرێمی کوردستان یەکێکە لەو ھاوپەیمانانە و ڕۆڵێکی گرنگی ھەبووە لە شەڕی داعشدا، بۆیە ھاوکاریی ئەمەریکا بۆ ھەرێم بەردەوام دەبێت."

بەرپرسی مەکتەبی پەیوەندییەکانی دەرەوەی پارتی دیموکراتی کوردستان ڕوونیشی کردەوە: "ھەرێمی کوردستان بە حوکمی ئەو ڕۆڵەی لە چوار ساڵی ڕابردووی شەڕی داعشدا بینیویەتی، توانیویەتی ھەولێر بکاتە ناوەندێکی بەھێزی بڕیاردان، ئینجا نەک تەنیا ئەو پێگەیەی ھەرێم لە شەڕی داعش بووە بەڵکو شەڕی داعشیش نەمینێت وڵاتان ھەولێر وەکو ناوەندی بڕیار دەزانن، بەڵگەش ئەوەیە شاندی ھەرێم بەشداریی لە کۆنگرەی میونخ کردووە و بەرپرسی وڵاتانیش بەردەوام سەردانی ھەرێم دەکەن و بەردەوامیش دەبن، چونکە کۆمەڵێک کێشە لە عێراق و سووریا و تورکیا و چەندین وڵاتی دیکەی ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست ھەن بەبێ ھەرێمی کوردستان ناتوانن چارەسەری بکەن، بۆیە بۆ چارەسەرەکە پێویستە بگەڕێنەوە بۆ ھەولێر."
kdp-
Top