بە دەیان وەزیر و پلەی تایبەت دەدرێنە دادگا

بە دەیان وەزیر و پلەی تایبەت دەدرێنە دادگا
دەستەی نەزاهەی عێراق چەندین كەس كە پلەی وەزیر و پلەی تایبەتیان هەیە دەداتە دادگا.

لە راگەیاندراوێكی دەستەی نەزاهەی عێراقدا، كە ئەمڕۆ 18ی شوبات دەرچووە و ئاماژه‌ به‌وه‌ كراوه‌ 11 كەس بە پلەی وەزیر و 156 كەسی تری پلە تایبەت لە ساڵی رابردوودا بەهۆی گەندەڵی دراونەتە دادگا.

ئەوەش خراوەتەڕوو بە گشتی لە عێراقدا زیاتر لە 3 هەزار تۆمەتبار دراونەتە دادگا.

لە ئامارەكەدا روون كراوەتەوە ئەو وەزیرانەی كە دراونەتە دادگا 11 كەس بوون و 22 بڕیار لە دژیان دەركراوە، هاوكات بۆ 156 كەسی تری پلە تایبەت و بەرێوەبەر 224 بڕیار دەركراوە و بڕیارەكانیش بەهۆی گەندەڵییەكانیانەوە بووە.

دەستەی نەزاهە دووپاتی كردووەتەوە لە رێگەی كارەكانیان توانیویانە ملیارێك و 610 ملیار دینار لە كەسانی تۆمەتبار وەربگرنەوە و بۆ گەنجینەی حكوومی بگەڕێننەوە.











باسنيوز
Top