لە كەركووك تەقە لە ماڵی هونەرمەندێكی ناسراو دەكرێت
ئەمڕۆ دووشەممە 18/2/2019، مەریوان جەلال، بەرپرسی مەكتەبی راگەیاندنی لقی كەركووكی پارتی، ڕايگەیاند: "لەلایەن چەند چەكدارێكی نەناسراوەوە لە گەڕەكی حوڕییەی شاری كەركووكـ دەستڕێژی گوللە لە ماڵی (حەسەن غەریب) هونەرمەندی ناسراوی کورد لە كەركووك كراوە و پاشان چەكدارەكان بۆ شوێنی نادیار هەڵهاتوون".
هاوكات ئەو بەرپرسە، ئاماژەی بۆ ئەوەش كرد: "لە كەركووك هەڵكوتانە سەر ماڵان و دزیكردن لەلایەن گرووپە چەكدارەكانەوە بەردەوامە و ئەو كردەوانە زیادیان كردووە و لایەنە ئەمنییەكانی ئێستای كەركووكیش هیچ كەسێكیان دەستگیر نەكردووە كە ڕای بگەیەنن ئەو كەسانە لە ناو كەركووك تاوان ئەنجام دەدەن".
روونیشی كردەوە: "لە كەركووك بۆشایی ئەمنی هەیە و ئەو كردەوە نەخوازراوانەی كە ڕوو دەدەن، پەیوندیان بەو بێسەروبەرییەی ئێستای رەوشی كەركووكەوە هەیە".
لە 16ی ئۆكتۆبەری 2017 میلیشیاكانی حەشدی شەعبی كەركووكیان بە رێككەوتن لەگەڵ گرووپێكی خیانەتكار داگیر كرد و لەوكاتەوە دۆخی ئەمنی پارێزگاكە تێك چووە.
باسنيوز
