سەرکردەیەکی پەکەکە داوای هاوکاریی لە وڵاتێکی ئەورووپی دەکات
ئاڵدار خەلیل، بەرپرسی پەیوەندییەکانی دەرەوەی تەڤگەری جڤاکی دیموکراتی (تەڤدەم) بە ئاژانسی (فرانس پرێس)ی راگەیاندووە، وڵاتانی یەکێتیی ئەورووپا ”پابەندیی سیاسیی و ئەخلاقی“یان بەرامبەر رۆژئاوای کوردستان هەیە.
ئاڵدار خەلیل داوای لە فەرەنسا کردووە، دوای کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە رۆژئاوای کوردستان و سووریا، هێزەکانی خۆی لە رۆژئاوای کوردستان بڵاو بکاتەوە و کورد بپارێزێت.
ئەو سەرکردەیەی تەڤدەم داوای لە وڵاتانی ئەورووپی کردووە دەستبەرداری رۆژئاوای کوردستان نەبن و رایگەیاندووە، ”فەرەنسا دەتوانێ لەڕێگای ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی هێزێکی نێودەوڵەتی لە نێوان رۆژئاوای کوردستان و تورکیا جێگیر بکات“.
ئاڵدار خەلیل هۆشداریی دا لەوەی ئەگەر دوای کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا، وڵاتانی ئەورووپی هیچ کارێک بۆ پاراستنی کورد لە رۆژئاوای کوردستان نەکەن، ئەوا ”ناچار دەبین“ لەگەڵ بەشار ئەسەدی سەرۆکی رژێمی سووریا رێک بکەوین.
تەڤدەم لایەنێکی سیاسی کۆکەرەوەی هەموو رێکخراو و حزبەکانی سەر بە پەکەکەیە لە رۆژئاوای کوردستان.
باسنيوز
