جێگری سەرۆک وەزیرانی بەلجیکا سەردانی هەرێمی کوردستان دەکا

جێگری سەرۆک وەزیرانی بەلجیکا سەردانی هەرێمی کوردستان دەکا
نوێنەری حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە یەکێتیی ئەورووپا ئاشکرای کرد، جێگری سەرۆک وەزیرانی بەلجیکا سەردانی ھەرێمی کوردستان دەکات و ئامانجەکەشی پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی نێوان هەردوولایە.

لە فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکوومەتی هەرێمی کوردستانەوە دەستی کەوتووە، کاتژمێر ٧:٠٠ی ئێوارەی ئەمڕۆ دووشەممە ١٨\٢\٢٠١٩، ئەلیکساندەر دی کروو، جێگری سەرۆک وەزیرانی بەلجیکا لە ڕێگەی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی ھەولێرەوە دەگاتە ھەرێمی کوردستان.

لەمبارەیەوە دلاوەر ئاژگەیی، نوێنەری حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، ڕايگەیاند: ”ئەم سەردانە چاوەڕوانکراو بوو، بەڵام شاندێکی گەورەن کە دێن و لە دوو بەش پێکھاتوون، بەشێکی جێگری سەرۆک وەزیرانی بەلجیکایە، چونکە بەم دواییانە بەلجیکا پەیوەندییەکی زۆر باشی لەگەڵ ھەرێمی کوردستاندا ھەیە و بەشدارە لە شەڕی داعش، بەشێکی دیکە شاندێکی یەکێتیی ئەورووپایە کە کۆمیسارانی یەکێتیی ئەورووپایە بۆ ھاوکاریی مرۆیی کە پەیوەستە بە ھاوکاریکردنی ھەرێمی کوردستان و پەنابەران لە ھەرێم، کۆتا جار کە ئەو شاندە ھاتنە ھەرێمی کوردستان پێش ئەنجامدانی ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی ھەرێمی کوردستان بوو، ئێستا جارێکی دیکە ئەو سەردانە لە ئاستێکی بەرزدا دەکەنەوە“.

ڕوونیشی کردەوە کە ھەرێمی کوردستان جیا لەوەی لەگەڵ حکوومەتی فیدراڵیی بەلجیکا پەیوەندییەکی باشی ھەیە، ھاوکات لەگەڵ ھەرێمەکانی بەلجیکاش پەیوەندییەکی زۆر باشی ھەم لە ڕووی سیاسی، ھەم بازرگانی و ھەم چارەسەرکردنی پێشمەرگە بریندارەکانی شەڕی دژ بە داعش هەیە. گوتیشی ”بەلجیکا گرنگیی خۆی ھەیە و ناوەندی یەکێتیی ئەورووپایە و پایتەختی یەکێتییەکەشە“.

ئاژگەیی دووپاتی کردەوە کە ئامانجی سەردانەکە پێشخستنی پەیوەندییەکانی نێوان ھەردوولایە، واتە تەنیا بۆ یەک کار سەردانەکە ناکەن، هەروەها لەگەڵ چەندین کەس لە ئاستی باڵا دادەنیشن.














باسنيوز
Top