راگەیەندراوی هاوپەیمانیی نیشتمانیی لەبارەی کۆبوونەوەی پەرلەمانی کوردستان
بەپێی راگەیەندراوەکە، هاوپەیمانیی نیشتمانی پێی وایە ”دواکەوتنی ھەڵبژاردنی دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمان و لیژنەکان، زیانی بە پێگەی سیاسی و ناوبانگی ھەرێمی کوردستان گەیاندووە“.
هەروەک لە راگەیەندراوەکە هاتووە، هاوپەیمانیی نیشتمانی ئامادەیی خۆی بۆ ”ھاوکارییکردنی حکومەت و پەرلەمان لەو بابەت و پرسانەی کە خزمەت بە پرسە نیشتمانییەکان دەکەن“ دەربڕیوە.
هاوپەیمانیی نیشتمانی کۆبوونەوەی پەرلەمانی کوردستان و هەڵبژاردنی دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمان لە وادەی خۆیدا ”بە گرنگ“ دەزانێت و هیوادارە ”بە زووترین کات کۆبوونەوەی پەرلەمانی کوردستان بۆ ھەڵبژاردنی دەستەی سەرۆکایەتی ئەنجامبدرێت و تەواوی فراکسیۆن و پێکھاتە جیاوازەکان بەشداربن“.
بڕیار بوو کاتژمێر 11ـی پێش نیوەڕۆی ئەمڕۆ دووشەممە 18-2-2019، پەرلەمانی کوردستان کۆ ببێتەوە و بەرنامەی کاری دانیشتنی (دەستپێک)، تەواو بکات، بەڵام ”بۆ دەرفەتدان“ بە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، کۆبوونەوەکە بۆ کاتژمێر 3ـی دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ دواخرا.
بەهۆی ئەوەی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان تا ئێستا ئامادەیی دەرنەبڕیوە بۆ ئامادەبوون لە کۆبوونەوەکەدا، کە سەرۆکی پەرلەمان بۆ ئەو حزبە دیاریکراوە، چاوەڕێ دەکرێ جێگری سەرۆکی پەرلەمان و سکرتێری پەرلەمان هەڵبژێردرێن.
کاندیدی پارتی دیموکاتی کوردستان بۆ جێگری سەرۆکی پەرلەمان هێمن هەورامیی ئەندامی سەرکردایەتیی ئەو حزبەیە.
دەقی راگەیەندراوەکە:
ڕاگەیەنراوێک لە ھاوپەیمانیی نیشتمانییەوە
دەربارەی کۆبوونەوەی چاوەڕانکراوی پەرلەمانی ھەرێمی کوردستان
ەڕای بەکراوەیی جێھێشتنی کۆبوونەوەی یەکەمی ئەم خولەی پەرلەمان، کۆبوونەوەی چاوەڕوانکراوی پەرلەمانی ھەرێمی کوردستان بە گرنگ دەزانین بۆ ھەڵبژاردنی دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمان، بۆ دەستکردن بە کار و جێبەجیکردنی ئەرکی پەرلەمان لە یاسادانان و چاودێریکردن، بەو پێیەی دواکەوتنی ھەڵبژاردنی دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمان و لیژنەکان، زیانی بە پێگەی سیاسی و ناوبانگی ھەرێمی کوردستان گەیاندووە و پرۆسەی دیموکراسی و دۆخی سروشتیی کاری دامەزراوە یاساییەکانی خستۆتە ژێر پرسیار، ئەمە جگە لەوەی دواکەوتنی دەستبەکاربوونی پەرلەمان کاریگەریی نەرێنیی لەسەر دۆخی ژیان و بژێویی ھاووڵاتیان بووە و دەبێت، بۆیە ھیوادارین بە زووترین کات کۆبوونەوەی پەرلەمانی کوردستان بۆ ھەڵبژاردنی دەستەی سەرۆکایەتی ئەنجامبدرێت و تەواوی فراکسیۆن و پێکھاتە جیاوازەکان بەشداربن.
لە سەروبەندی دەستپێکی کاری پەرلەمان و پێکھێنانی حکومەتی داھاتوو، ھاوپەیمانیی نیشتمانی لەگەڵ بوونی پەرلەمانێکی کارا و حکومەتێکی خزمەتگوزاردایە، ھاوپەیمانی بە ئەرکی نیشتمانی و ستراتیجیی خۆی دەزانێت کە چاودێری کارەکانی حکومەت بکات و ڕەخنە لە کەموکورتییەکان بگرێت، وێڕای ئەوەش، پڕۆژەیاسا پێشکەش بە پەرلەمان و حکومەت دەکەین کە لە بەرژەوەندی و خزمەتی ھاووڵاتیاندا بێت، ھاوپەیمانی ئامادەیە بۆ ھاوکارییکردنی حکومەت و پەرلەمان لەو بابەت و پرسانەی کە خزمەت بە پرسە نیشتمانییەکان دەکەن، بۆیە ھیوادارین ئەم خولەی پەرلەمانی کوردستان لە جێبەجێکردنی ئەرکە دیاریکراو و یاساییەکانیدا سەرکەوتوو بێت، ھەروەھا حکومەتێکی خزمەتگوزار و ھاووڵاتیدۆست پێکبێت.
ھاوپەیمانیی نیشتمانی بەرھەڵستکارێکی جددی دەبێت بۆ دیاردە و دەردی گەندەڵی و بەفیڕۆدانی سامانی گشتی و سەرچاوەکانی وزە، بۆ ئەم مەبەستەش ھەماھەنگیی تەواومان دەبێت لەگەڵ فراکسیۆنەکانی پەرلەمان و حکومەتی ھەرێمی کوردستان، دڵنیاین گەر ویستی چاکسازی ھەبێت، توانای باشترکردنی دۆخی سیاسی و ئابوری و کۆمەاڵیەتی و ژیانی ھاوواڵتیان ھەیە. ھەرچی تایبەتە بە بەشدارییپێکردنی پێکھاتەی تورکمان و پێدانی جێگری دووەمی سەرۆکی پەرلەمانی ھەرێمی کوردستان، ھاوپەیمانیی نیشتمانی لە بڕوابوونی بە ستراتیجییەتی پێکەوەژیانی سیاسی و نەتەوەیی پشتگیری لەو ھەنگاوە دەکات و خوازیارە پێکھاتەکانی دیکەی مەسیحی و ئێزدی و کاکەیی ڕۆڵی گرنگ و کارایان پێبدرێت لەپێناو دروستکردنی ژیانێکی شایستە بە ھاوواڵتیانی ھەرێمی کوردستان.
ئەنجومەنیسیاسیھاوپەیمانیی نیشتمانی
۱٨ی شوباتی ٢٠١٩
باسنيوز
