رۆژ نووری شاوەیس: ئەنجامی هەڵبژاردن پێوەرێکی گرنگی دابەشکردنی پۆستەکانە
کەمێک لەمەوبەر، دکتۆر رۆژ نووری شاوەیس، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی پارتی لە پرێس کۆنفرانسێکدا دوای واژۆکردنی ڕێککەوتنەکەی نێوان حزبەکەی و گۆڕان ڕای گەیاند: ”ئێستا ڕێککەوتنی نێوان گۆڕان و پارتی واژۆ کرا لە نێوان من و مامۆستا جەلال، هیوامان ئەوەیە کە ئەم ڕێککەوتنە ببێتە مایەی یەکبوونی هەموو ڕیزەکانی گەلی کوردستان و پێشکەوتنی پرۆسەی سیاسی، بەتایبەتیش دامەزراندنی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و چارەسەرکردنی هەموو کێشەکان کە مەبەستی هەموو لایەنەکانە“.
جەختیشی کردەوە: ”مەبەست لەم ڕێککەوتنە تەنیا ئەوە نییە کە هەر خۆمان پێکەوە ئیش بکەین. بەڵکوو دەرگا کراوەیە بەرامبەر هەموو حزبەکانی دیکە کە هەمان مەبەستیان بۆ پێشخستنی کاروباری وڵاتەکەمان و پاراستنی دەستکەوتەکان هەیە.
ڕوونیشی کردەوە: ”لەگەڵ برایانی یەکێتی گفتوگۆمان بەردەوامە و بە بنەڕەتی دەزانین کە ئەوانیش کۆڵەگەیەکی سەرەکیی حکوومەتی داهاتووی هەرێمی کوردستان بن و ڕۆڵی ئەرێنیی خۆیان لە پرۆسەکەدا بگێڕن. دەرگا کراوە و واڵایە، ئێمە و برادەرانی گۆڕان لەسەر پۆستەکانی حکوومی و پۆستەکانی دیکەش ڕێککەوتووین. جێبەجێ دەکرێت بەو شێوەیەی ڕێککەوتووین. پێوەرێکی سەرەکیی بۆ دابەشکردنی پۆستەکان ئەنجامی هەڵبژاردنە و ئەمەش کاریگەری لەسەر پێگە و پایەکانی هەیە“.
لەلایەن خۆشیەوە جەلال جەوهەر، ئەندامی خانەی ڕاپەڕاندنی گۆڕان ڕای گەیاند: ”بەبۆنەی ئیمزاکردنی ئەم ڕێککەوتنە پیرۆزبایی لە هەردوولا دەکەین و هیوادارین ئەم ڕێککەوتنە ببێت بە بنەمایەک بۆ ئەوەی ئەو هێز و لایەنانەی دیکەش لە هەرێمی کوردستان، لە دەوری حکوومەتی هەرێمی کوردستان کۆببنەوە، مەبەستیشمان لەوانەیە کە ئارەزوویانە بەشداری لە حکوومەتدا بکەن. تاوەکوو ئەم قۆناغە پڕ لە کێشە و قەیرانەی کوردستان پێکەوە لێی دەرباز بین“.
ڕوونیشی کردەوە: ”لە کوردستان و عێراقیش ئەزموونی ناخۆش لەسەر ڕێککەوتنەکان هەیە، بە گشتی ناوبانگیان وەکوو پێویست نەبووە و وەکوو پێویست جێبەجێ نەکراون. هیوادارین ئەم ڕێککەوتنەی نێوان گۆڕان و پارتی ببێتە بنەمایەک بۆ درووستکردنی بڕوا و متمانە لەنێو لایەنە سیاسییەکان“. گوتیشی: ”لە جێبەجێکردنی ڕیککەوتنی لەم جۆرە دەتوانن متمانە و بڕوا بە یەکتر زیاتر بکەن. داوا لە هەموو کادیر و ئەندامانی هێز و لایەنە سیاسییەکانی بەشدار لەم پرۆسەی پێکهێنانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەکەین، پابەند بن بە ڕێککەوتنەکەیانەوە و لە پێش ئەوانەش، داوا لە هەڵسووڕاوانی گۆڕان دەکەین، بەرپرسانە کار بکەن تاوەکوو ئەم ڕێککەوتنە بگەیەنینە کەناری ئارامی“.
باسنيوز
