پارتی و گۆڕان رێککەوتنێکی 30 خاڵی واژۆ دەکەن
بەپێی هەواڵێکی ماڵپەڕی فەرمیی پارتی، 18 خاڵی رێککەوتنەکە تایبەتە بە هەرێمی کوردستان و 12 خاڵیشی تایبەتە بە عێراق.
هەروەک ئەو ماڵپەڕە بڵاوی کردووەتەوە، رێککەوتنەکە ئەمڕۆ دووشەممە 18-2-2019، پێش کۆبوونەوەی پەرلەمانی کوردستان، لەنێوان مەکتەبی سیاسیی پارتی و جڤاتی نیشتمانیی گۆڕان، واژۆ دەکرێت.
بڕیارە کاتژمێر 11ـی پێش نیوەڕۆی ئەمڕۆ دووشەممە 18-2-2019، پەرلەمانی کوردستان کۆ ببێتەوە و بەرنامەی کاری دانیشتنی (دەستپێک)، تەواو بکات.
بەهۆی ئەوەی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان تا ئێستا ئامادەیی دەرنەبڕیوە بۆ ئامادەبوون لە کۆبوونەوەکەدا، کە سەرۆکی پەرلەمان بۆ ئەو حزبە دیاریکراوە، چاوەڕێ دەکرێ جێگری سەرۆکی پەرلەمان و سکرتێری پەرلەمان هەڵبژێردرێن.
کاندیدی پارتی دیموکاتی کوردستان بۆ جێگری سەرۆکی پەرلەمان هێمن هەورامیی ئەندامی سەرکردایەتیی ئەو حزبەیە و مونا قەهوەچیش وەک نوێنەری تورکمانەکان، کاندیدی سکرتێری پەرلەمانە.
باسنیوز
