سەرکردەیەکی کۆمەڵ: یەکێتی نایەوێ کۆبوونەوەی پەرلەمان بکرێ و ئێمە دەمانەوێ

 سەرکردەیەکی کۆمەڵ: یەکێتی نایەوێ کۆبوونەوەی پەرلەمان بکرێ و ئێمە دەمانەوێ
سەرکردەیەکی کۆمەڵی ئیسلامی رایدەگەیەنێت، کە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان نایەوێ کۆبوونەوەی پەرلەمانی کوردستان بکرێ، بەڵام کۆمەڵ دەیەوێ بکرێ.



ئەمڕۆ دووشەممە 18-2-2019، عەبدولستار مەجید، سەرۆکی فراکسیۆنی کۆمەڵ لە پەرلەمانی کوردستان بە رۆژنامەنووسانی راگەیاند، کۆمەڵ بەشداریی کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆی پەرلەمان دەکات و ”خاوەنی هەڵوێست و سیاسەتی سەربەخۆی خۆمانین و نابین بە بەشێک لە پڕۆژەی هیچ لایەنێک“.



عەبدولستار مەجید هەروەها رایگەیاند، کۆمەڵ نابێتە بەشێک لەو قەیرانەی لەنێوان یەکێتی و پاتی دروست بووە و ”لە هۆڵی پەرلەمانیش بۆچوونی خۆمان لەسەر پاڵێوراوەکان ڕادەگەیەنین“.



سەرۆکی فراکسیۆنی کۆمەڵ، کە یەکێکە لە سەرکردە باڵاکانی حزبەکەی، جەختی لە بەشداریکردنی فراکسیۆنەکەی لە کۆبوونەوەی پەرلەمانی کوردستان و رایگەیاند، ”ئەمڕۆ یەکێتی نایەوێت بەشداری بکات. ئێمە دەمانەوێ یەکەم کۆبوونەوە لە کاتی خۆیدا بکرێت“.



بڕیارە کاتژمێر 11ـی پێش نیوەڕۆی ئەمڕۆ دووشەممە 18-2-2019، پەرلەمانی کوردستان کۆ ببێتەوە و بەرنامەی کاری دانیشتنی (دەستپێک)، تەواو بکات.



بەهۆی ئەوەی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان تا ئێستا ئامادەیی دەرنەبڕیوە بۆ ئامادەبوون لە کۆبوونەوەکەدا، کە سەرۆکی پەرلەمان بۆ ئەو حزبە دیاریکراوە، چاوەڕێ دەکرێ جێگری سەرۆکی پەرلەمان و سکرتێری پەرلەمان هەڵبژێردرێن.



کاندیدی پارتی دیموکاتی کوردستان بۆ جێگری سەرۆکی پەرلەمان هێمن هەورامیی ئەندامی سەرکردایەتیی ئەو حزبەیە و مونا قەهوەچیش وەک نوێنەری تورکمانەکان، کاندیدی سکرتێری پەرلەمانە.






باسنیوز
Top