بۆ یەكەم جار ئەمەریکا هەڕەشە لە هەسەدە دەکات

بۆ یەكەم جار ئەمەریکا هەڕەشە لە هەسەدە دەکات
فەرماندەیەكی ئەمەریكا ئاشكرای دەكات، ئەگەر هێزەکانی سووریای دیموکرات (ھەسەدە) لەگەڵ حكوومەتی سووریا رێكبكەوێت، واشنتن ھاوكارییەكانی دەوەستێنێت.

ژەنەراڵ پاول لاكامیرا، فەرماندە لە سوپای ئەمەریكا بە رۆیتەرزی راگەیاندووە: "ھاوپەیمانی نێودەوڵەتی بە سەرپەرشتی ئەمەریكا، لە ھاوكاریكردن و راھێنان بە ھێزەكانی سووریای دیموكرات بەردەوامە، بەڵام ئەگەر ھەسەدە لەگەڵ حكوومەتی سووریا و رووسیا رێكبكەوێت، ئەمەریكا ئەو ھاوكارییە سەربازییانە دەوەستێنێت".

پێشتر ھەسەدە رایگەیاندبوو، ئەگەر ئەمەریكا پشت لە كورد بكات و لە سووریا بكشێتەوە، بۆ رێگریكردن لە ھێرشەكانی توركیا ناچارن لەگەڵ حكوومەتی سووریا رێكبكەون و تا ئێستاش دانووستانەكانی ئەنجوومەنی سووریای دیموكرات لەگەڵ دیمەشق بەردەوامن.

ئەمەش لە کاتێکدایە، جەیمس جێفری، نێردەی ئەمەریکا بۆ کاروباری سووریا و جەنگی دژ بە داعش رایگەیاندبوو، رێگا نادەن رژێمی سووریا جێگای ئەمەریکا لە سووریا بگرێتەوە.




K24
Top