سەرۆک بارزانی پەیامێکی بڵاو کردەوە
لەو پەیامەدا سەرۆک بارزانی، پیرۆزبایی لە یەکێتیی قوتابیانی کوردستان و یەکێتیی لاوانی دیموکراتی کوردستان، دەکات و ھیوای سەرکەوتن و داھاتوویەکی گەشیان بۆ دەخوازێت.
سەرۆک بارزانی ئاماژەی بەوەش داوە، کە: "لاوان و قوتابیان لە کاتی دامەزراندنیانەوە ھەتا ئێستا لەکاری ڕێکخراوەیی و مەدەنیدا بەشێکی گرنگی خەباتی گەلەکەمان بوونە، بۆ بەدەستھێنانی ئازادی و پێشکەوتن و نوێخوازی".
دەقی پەیامەکە:
بە ناوی خودای بەخشندە و میھرەبان
بە بۆنەی شەست و شەش ساڵەی دامەزراندنی یەکێتیی قوتابیانی کوردستان و یەکێتیی لاوانی دیموکراتی کوردستان، گەرمترین پیرۆزبایی خۆم ئاراستەی لاوان و قوتابیانی خۆشەویستی کوردستان دەکەم و ھیوای سەرکەوتن و داھاتوویەکی گەشیان بۆ دەخوازم.
لاوان و قوتابیان لە کاتی دامەزراندنیانەوە ھەتا ئێستا لەکاری ڕێکخراوەیی و مەدەنیدا بەشێکی گرنگی خەباتی گەلەکەمان بوونە، بۆ بەدەستھێنانی ئازادی و پێشکەوتن و نوێخوازی. ئەم دوو ڕێکخراوە تێکۆشەرە بە درێژایی ساڵانی کارکردنیان شوێنی پێگەیاندنی سەرکردەی بە توانا و ڕۆڵەی ھۆشیار و ھەڵکەوتوو بوونە، کە جێی دەستیان لە بزاڤی ڕزگاریخوازی گەلی کوردستان دیار و بەرچاو بووە و لەم ڕێگەیەدا قوربانی و شەھیدیشیان بەخشیوە.
قوتابیان و لاوانی خۆشەویست، ڕۆڵ و کاریگەریتان لە قۆناغە جیاجیاکانی خەباتی گەلەکەماندا لە سەردەمی شۆڕشی ئەیلوول و گوڵان و ژیانی ئاوارەیی و کاری مەدەنی و زانست و فێربوون، ھەروەھا بەرگریکردن لە مافی ڕەوای گەلی کوردستان بۆ سەربەخۆیی جێگەی شانازییەکی زۆرە.
ئێوەی ئازیز مێژووتان بۆ گەلەکەتان دروست کردووە و ھەروەھا ئاییندەی میللەتەکەتانن. بۆیە ئەو چاوەڕوانییە لە قوتابیان و لاوانی خۆشەویست ھەیە بەسوودوەرگرتن لە شێوازی نوێ و ھاوچەرخی خەبات و، بە ورەیەکی بەرزتر و چاوکراوەیی زیاتر، لە پێگەیاندنی کادیری ھۆشیار و بەتوانا بۆ خزمەتکردنی بەرژەوەندییەکانی خەڵکی کوردستان بەردەوام بن. ئەو چاوەڕوانییە لە ئێوەی ئازیز ھەیە کە پارێزەری بەھا بەرزەکانی میللەتەکەمان بن و خۆتان بۆ ئاواتە ڕەواکانی گەلی کوردستان تەرخان بکەن، لەپێناو گەییشتن بە کوردستانێکی بەھێز و گەشەسەندوو، ھەروەھا پێگەیاندنی نەوەیەک کە بڕوای بەخۆی ھەبێت و نیشتمانی خۆی خۆش بوێت.
دووبارە پیرۆزباییتان لێ دەکەم و بمێنن بە خێر و خۆشی
مەسعود بارزانی
باسنيوز
