فراکسیۆنی پارتی لەپەرلەمانی کوردستان پیرۆزبایی لە یەکێتی قوتابیان دەکات

فراکسیۆنی پارتی لەپەرلەمانی کوردستان پیرۆزبایی لە یەکێتی قوتابیان دەکات
فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی کوردستان نامەیەکی پیرۆزبایی بڵاو دەکاتەوە.

ئومێد خۆشناو، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی کوردستان دەقی پیرۆزباییەکەی، کە فراکسیۆنەکەی بۆ یەکێتی قوتابیانی کوردستان بەبۆنەی ساڵیادی دامەزراندنیەوە، ناردووە، لە پەیجی تایبەتیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (فەیسبووک) بڵاو کردووەتەوە.

لە پیرۆزباییەکەدا، فراکسیۆنی پارتی جەخت لە پشتیوانیی فراکسیۆنەکەیان بۆ یەکێتیی قوتابیان دەکاتەوە و راگەیاندووە، ”وەك هەمیشە پاڵپشتتان دەبین و ئەوەی لە توانامان دا بێت، بۆ بە یاساییكردنی مافەكانتان، درێغی ناكەین“.

فراکسیۆنی پارتی ئاماژەی بە رۆڵی مێژوویی یەکێتی قوتابیان داوە و رایگەیاندووە، ”گەواهی ئەوە دەدەین، كە وەك قوتابخانەیەك وابووە، بۆ پێگەیاندنی چەندەها سەركردەی دیار، كە بەشێكیان تا ئێستایش، لە سیاسەت و بەڕێوەبردندا ڕۆڵی گرنگیان هەن“.

یەکێتیی قوتابیانی کوردستان رێکخراوێکی جەماوەریی پارتی دیموکراتی کوردستانە، لە 18ـی شوباتی 1953 دامەزراوە و گرنگیی بە دەرخستنی تواناکانی قوتابیان و پشتگیریکردنیان و پتەوکردنی هەستە نەتەوەیی و نیشتمانییەکان لەناو توێژی قوتابیانی کوردستان، دەدات.


دەقی پیرۆزباییەکە:


پیرۆز بێت ١٨ی شوبات ڕۆژی قوتابییانی كوردستان

بەڕێزان لە مەكتەبی سكرتاریەتی یەكێتی قوتابیانی كوردستان



سڵاو و ڕێز


ئەمساڵ (٦٦) ساڵ بەسەر دامەزراندنی یەكێتییە تێكۆشەرەكەتان تێدەپەڕێت، كە لەو مێژووە پڕ شكۆیەدا، بە ئەزموونی جیاواز و خۆشی و ناخۆشییەكی زۆردا تێپەڕیون، چونكە خەباتی ئێوە، بەشێكە لە خەباتی ڕزگاریخوازی كوردستان و ئەو ناخۆشی و كارەساتانەی كە بەر لایەنە شۆڕشگێڕەكانی كوردستان كەوتوون، پریشكی زۆریشی بەر ئێوە كەوتوون، چونكە ئێوە بەشێك بوون لەو هەوڵە نەتەوە و نیشتیمانییە شۆڕشگێڕییانەی، گەلەكەمانییان بەم ڕۆژە گەیاندووە و لە كەناری ئارامی هەمیشەیی نزیكتری كردیوینەتەوە.

یەكێتی قوتابییان لە مێژووی خۆیدا، لەسەر دوو ئاستی بەرز كاری كردووە، ئاستێكیان خەباتكردن بووە بۆ پێشخستنی ئاستی زانستی و پەروەردە و خوێندن، تا میللەتەكەمان لە كاروانی پێشكەوتن دوانەكەوێت، لەم ئاستەیشدا دەستكەوتی زۆرییان بۆ گەلەكەمان بەدەستهێناوە.

لە ئاستی سیاسی و نەتەوەیشدا، هەموومان گەواهی ئەوە دەدەین، كە وەك قوتابخانەیەك وابووە، بۆ پێگەیاندنی چەندەها سەركردەی دیار، كە بەشێكیان تا ئێستایش، لە سیاسەت و بەڕێوەبردندا ڕۆڵی گرنگیان هەن.

بۆیە باوكی كورد بارزانی نەمر، وەسفێكی جوانی بۆ قوتابیان كردووە و فەرموویەتی:"قوتابیان سەری ڕمن لە هەموو شۆڕش و ڕاپەڕینێكدا"، ئەم وەسفەیش گوزارشتە لەو ڕاستییەی كە قوتابییان هەمیشە دەست و پەنجە لەگەڵ زانست و فێربووندا نەرم دەكەن، باشتر واقیع دەخوێننەوە و زووتر درك بە پێویستی شۆڕش و گۆڕانكاری و داهێنان و نوێبوونەوە دەكەن، بۆیە هەمیشە ڕیزی پێشەوەی قوربانیدان و گۆڕانكارییان گرتووە.


قوتابیانی خۆشەویستی كوردستان.


وەك خۆتان ئاگادارن، بە گوێرەی بڕیاری ژمارە (10)ی پەرلەمانی كوردستان، كە لە ڕۆژی (19/9/1999) دەرچووە، ڕۆژی (18ی شوبات) وەك ڕۆژی قوتابیان و لاوانی كوردستان ناساندووە، بۆیە پێویستە هەموو لایەكمان، كار بكەین بۆ ئەوەی لاوان و قوتابیانی خۆشەویستی كوردستان، وەك هەمیشە و بە گوڕوتینێكی زۆرترەوە، داینەمۆی بیری نەتەوەیی و تۆختركردنەوەی بەرپرسیارێتی زیاتر بن، لە بەرانبەر نەتەوە و وڵاتەكەیان باشتر هەست پێبكەن و هەروەها دەرفەت و ڕۆڵی زیاترییشان هەبێت، لە پێشخستنی وڵات و گەشەسەندنی زانست و بەشداری كردنی زیاتریان لە سیاسەت و بەڕێوەبردندا.

ئێمە لە فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان لە پەرلەمانی كوردستان، وەك هەمیشە پاڵپشتان دەبین و ئەوەی لە توانامان دا بێت، بۆ بە یاساییكردنی مافەكانتان، درێغی ناكەین.

لێرەوە جێی خۆیەتی، كە لەیادی (18)ی شوباتدا سڵاوی وەفاداری بۆ ڕۆحی شەهیدی دەستی تیرۆر (فرەنسۆ هەریری) و سەرجەم شەهیدانی ڕزگاریخوازی و لە سەرووی هەمووانەوە، سەركاروانی شەهیدان بارزانی نەمر و كاكە ئیدریسی هەمیشە لەیاد بنێرین و دڵنیایان بكەینەوە، كە ڕێباز و خەباتیان بەردەوام دەبێت.


لەگەڵ ڕێزماندا....


فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان









باسنيوز
Top