وەزارەتی پەروەردە بڕیارێکی نوێی لەبارەی قوتابخانەکانەوە دەرکرد
لە نوسراوێکی بەڕێوەبەرایەتی گشتیی پەروەردەی ھەولێر کە ئاراستەی بەڕێوەبەرێتی پەروەردەی شارەکان کراوە و وێنەیەکی دەست کەوتووە، ھاتووە: "بەمەبەستی ڕەچاوکردنی باری دەروونی قوتابیان لەپۆلەکانی خوێندن و زەوت نەکردنی ئازادی مامۆستایان، ئاگاداری سەرجەم بەڕێوەبەری قوتابخانەکان دەکەینەوە کە بەھیچ شێوەیەک کامێرای چاودێری لە پۆلەکانی خوێندن دانەنرێت".
لە بەشێکی دیکەی ڕاگەیەندراوەکە، ئاماژە بۆ ئەوە کراوە، کە ڕێگە پێدراوە کامێرای چاودێری لە گۆڕەپان و ھۆڵەکانی تاقیکردنەوە و ڕێرەوە گشتییەکاندا، دابنرێت.
بەپێی نووسراوەکەی بەڕێوەبەرایەتی گشتیی پەروەردەی ھەولێر، ھەر بەڕێوەبەری قوتابخانەیەک بەو بڕیارەوە پابەند نەبێت، ڕووبەڕووی لێپرسینەوە و سزا دەبێتەوە.
ئەو بڕیارەی وەزارەتی پەروەردە، لە دوای ناڕەزایی و داواکاری یەکێتیی مامۆستایانی کوردستان ھات، کە تایبەت بەو بابەتە داواکاری ئاراستەی وەزارەتەکە کردبوو.
bas news-
