بە كۆبوونەوەی پەرلەمان و پێكهێانی حكوومەت كۆتایی بە كێشە و قەیرانەكان دێت

بە كۆبوونەوەی پەرلەمان و پێكهێانی حكوومەت كۆتایی بە كێشە و قەیرانەكان دێت
لەگەڵ دیاریكردنی یەكەم وادەی دانیشتنی پەرلەمانی كوردستان، كە بڕیارە 18ی ئەم مانگە بەڕێوە بچێت، تێیدا دەستەی سەرۆكایەتی هەڵبژێردرێت، دوای چاوەڕوانیی و بێئۆمێدییەكی زۆری هاووڵاتیان ئێستا گەشبینن و هیواخوازن ئەم دانیشتنە گرێی پرۆسەی سیاسی و پێكهێنانی حكوومەت بكاتەوە، چونكە پێیان وایە بە كۆبوونەوەی پەرلەمان و دروستبوونی حكوومەت جووڵە دەكەوێتەوە بازاڕ و ژیان و گوزەرانیان خۆش دەبێت.

محەمەد میرزا، هاووڵاتییەكی سۆرانە، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی دیار كرد: "لایەنەكان بە خۆیاندا چوونەتەوە و زیاتر لە جاران دێنە پێشەوە، بۆیە هیوادارین ئەمڕۆ لایەنەكان بڕیاری یەكلاكەرەوە بدەن و 18ی ئەم مانگە پەرلەمان كۆ بێتەوە و كۆتایی بە كێشە و قەیرانەكان بێت، چونكە ئەگەر پەرلەمان كۆ بووەوە و حكوومەت پێك هات جووڵە دەكەوێتە بازاڕ و خەڵك دەست بە ژیانێكی نوێ دەكات."

ژیان شەریف، مامۆستای كەرتی پەروەردە لە سنووری ڕواندز، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ئاشكرا كرد: "یەكەم دانیشتنی پەرلەمان لە 18ی ئەم مانگە هۆكار دەبێت بۆ كردنەوەی گرێكوێرەی چاوەڕوانیی خەڵكی كوردستان و لە هەمان كاتیشدا دەبێتە هۆی جووڵەی بازاڕ و باشتركردنی ژیان و گوزەرانی هاووڵاتیان."

نزار مستەفا، هاووڵاتییەكی دیكەی سۆرانە، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ئاشكرا كرد: "زۆر گرنگە حكوومەت زوو پێك بێت، چونكە خەڵك دەزانێت چۆن كار بكات، بازاڕ جووڵەی تێ دەكەوێتەوە، ژیان و گوزەرانی خەڵك خۆش دەبێت، چونكە خەڵك داوای بژێوی خۆی دەكات، بۆیە داوا دەكەین هەرچی زووە حكوومەت پێك بێت و دەست بە بەرنامەی خۆی بكات."

ئازاد سرێشمەیی، ئەندامی پێشووی ئەنجومەنی نوێنەران بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان دەڵێ: "كۆبوونەوەكان بۆ پێكهێنانی حكوومەت درێژەیان كێشا، خەڵك هەمووی چاوەڕوانە تا ئەندازەیەك بێزاری بە خەڵكەوە دیارە، ڕاستە دەبێ ڕای هەموو لایەنەكان وەربگیرێت، بەڵام بەو ئەندازە دوورودرێژە هەندێك بێزاری بۆ خەڵكی كوردستان دروست كردووە، بۆیە وا پێویست دەكات كە ڕۆژێك دیاری كرا بۆ كۆبوونەوە لەو ڕۆژەدا كۆبوونەوەی پەرلەمان بكرێت كە 18ی ئەم مانگە دیاری كراوە، ئەگەر لەو ڕۆژەدا پەرلەمان كۆ نەبێتەوە، خەڵك زیاتر تووشی نائۆمێدی دەبێت، خۆشبەختانە لەو یەك دوو ڕۆژەدا كۆبوونەوەكان بە ئەنجامێكی باش گەیشتوون، ئەمڕۆ ئەو لایەنانەی تا ئێستا بڕیاریان نەداوە بڕیاری خۆیان دەدەن، بێگومان دروستبوونی حكوومەت گرنگە، چونكە هەرێمی كوردستان پێگەی خۆی هەیە لە جیهان بە گشتی و لە عێراق بە تایبەتی، بۆیە پێویست دەكات لایەنەكان بەرژەوەندییە حزبییەكان بەلاوە بنێن، بەرژەوەندیی نیشتمانی بخەنە پێش هەموو شتێك و ئەو پرسە گرنگە یەكلا بكەنەوە"
kdp-
Top